مەرجەعیاتی شیعە شەڕی كورد حەرام دەكەن

مەرجەعیەی شیعە لە نەجەف‌و بەغدا سوربوونی خۆیان دەربڕی لەسەر نەڕشتنی خوێنی عێراقییەكان‌و وەستان لە دژی شەڕی ناوخۆیی، لەو بارەوە بەیاننامەیەك لە نووسینگەی سیستانی بڵاوكراوەتەوە، كە تێیدا هاتووە: (ئایەتوڵای عوزما سەید عەلی سیستانی داوا لە سەرۆك وەزیران (نوری مالیكی) دەكات، ئارام بگرێت‌و، عێراق‌و عێراقییەكان پەلكێشی ناو ململانێی خوێناوی نەكات، كە دەرەنجام تاكە زەرەرمەند گەلی عێراقە)).

بە هەمان شێوەی مەرجەعی دینی ئایەتولا حوسێن ئیسماعیل سەدر لە بەغداد دووپاتی كردەوە، كە مەرجەعەكانی شیعە شەڕ لەگەڵ كورد حەرام دەكەن، تەئكیدی كردەوە، كە مەرجەعیاتی شیعە ((پابەندن بە فەتوای ئایەتوڵا سەید موحسین ئەلحەكیم‌و سەید محەمەد باقر سەدر)) لەوەی شەڕ لەگەڵ كورد حەرامە، ئەو فەتوایەش لە شەستەكانی سەدەی رابردوو دەركراوە.

هەروەها ئایەتوڵای سەدر لە وەڵامی نامەیەكی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سووربوونی خۆی رادەگەیەنێت، لەسەر ((خستنەكاری هەوڵ‌و كۆششەكانی لە پێناوی لێك نزیكخستنەوەی هەردوو لایەنەكە‌و، پشت بەستن بە گفتوگۆ‌و لە سایەی دەستوور‌و بنەماكانی برایەتی‌و مێژووی بەرخۆدانی دوور‌و درێژی نێوان هەردوو لايەنی ستەملێكراو، چونكە هاوپەیمانی شیعە‌و كورد هاوپەیمانێتییەكی تائیفی قەومی نییە، بەڵكو بەرخۆدانە لە پێناوی گەییشتن بە مافەكان‌و عەدالەت‌و پاراستنی بێ دەسەڵات‌و مافخوراوەكان، ئەوانەی بە دەست دەسەڵاتە ستەمكارەكان چەوسێندرانەوە)).

هەروەها لە بەیاننامەكی رۆژنامەڤانیدا كە لە نووسینگەی بەڕێزیان لە كازمیە لە بەغدا دەرچووە باس لەوە دەكات، كە كار دەكات بۆ لابردنی ناكۆكی‌و، لە هەمان كاتیشدا سوورە لەسەر (تەفعیلكردنی فەتوای سەیدو لحەكیم‌و مامەكەی سەدر بەوەی شەڕكردن لە دژی كورد حەرامە‌و، هەموو لایەك ناچار بكرێت بەدوای رێگەچارەی تەوافوقی بگەڕێن، ئەوەش لە پێناوی بنیاتنانی دەوڵەتی عێراقی دیموكراسی، كە پێویستە هیچ یەكێك لە هاووڵاتیانی ستەمی لێنەكرێت، جا لە هەر تائیفە‌و نەتەوەیەك بێت).

لەلای خۆیەوە مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی (شەرقو لئەوسەت) دەستخۆشی ئەم هەنگاوەی لێكردن‌و گووتی: ئەمە كارێكە جێگەی دەستخۆشییە‌و، بە هەنگاوێكی زۆر ئیجابی دەزانین‌و، رێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی تووندی بارگرژی نێوان بەغدا‌و هەولێر سووك بكاتەوە).

هەروەها گووتی: ئێمەی كورد رێز‌و حورمەتی تایبەتیمان بۆ مەراجیعی شیعە هەیە‌و، پەیوەندی تووند‌و تۆڵی مێژووییمان لەگەڵ برا شیعەكانی عێراق هەیە‌و، ئێمە لەو مەراجیعە بەڕێزانە چاوەڕێ دەكەین قسەی خۆیان هەبێت دەربارەی ئەو شەڕە ئیعلامییەی ئەمڕۆكە هەیە‌و، كە خەریكە بگاتە ئاستی سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆیی، خوا نەكات، پێشمان وایە ئەگەر ئەو بەریەك كەوتنە دروست ببێت زەرەمەندی گەورە تەواوی پێكهاتەكانی عێراقین بەبێ‌ جیاوازی ئایینی‌و مەزەبی).

جێی وەبیرهێنانەوەیە هەفتەی رابردوو وەك یەكەم هەنگاو یەكێتی زانایان نامەیەكی كراوەی ئاراستەی سەرجەم مەراجع‌و ناوەندە ئایینیەكان كرد، كە لەم بار‌و دۆخەدا بە دەنگ بێن، سەرۆكی یەكێتی زانایان بۆ سایتی زانایان دەڵێت: ئومێدەوارین هەموو ناوەندەكان بە دەنگ بێن، چونكە وەك پێشتر لە بەیاننامەكە باسمان كردووە، ئەوە هەڵوێستێكی ئایینی‌و مێژوویی‌و مرۆیی‌و شەرەفمەندانەیە.