دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی زانایان شاندێكی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی سەردانی چەند دام‌و دەزگایەك دەكەن

رۆژی چوارشەمە 12-12-2012 شاندێكی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی سەردانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیان كرد‌و، لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی زانایان كۆبوونەوە، ئامانجی سەردانەكە ئەوە بوو، كە سەرجەم رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی پێكەوە ئامادەسازی بكەن، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر سیاسەتی ئەم دواییەی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و پێكهێنانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە‌و، تێكدانی ئارامی‌و تەبایی‌و برایەتی نێوان پێكهاتەكانی عێراق.

مەلا عەدبوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان وێڕای بەخێرهێنانێكی گەرم، پشتیوانی یەكێتی زانایانیشی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی هەر كارێكی شارستانی‌و مەدەنیانە بۆ پارێزگاری كردن لە مافە رەواكانی گەلەكەمان‌و بەرەنگاربوونەوەی ستەمكار‌و زاڵمان.

پاشان به‌به‌شداری نوێنه‌ری یه‌كێتی زانایان، شاندێكی نوێنه‌رانی زیاتر له‌ 80 رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ كوردستان، به‌ مه‌به‌ستی ئیدانه‌كردنی له‌شكركێشی هێزه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله‌و، پشتیوانی له‌ پاراستنی ئاسایش‌و ئارامی كوردستان‌و، ده‌ربڕینی ده‌نگ‌و هه‌ڵوێستی داكۆكیكارانه‌ی مافه‌ ره‌واكانی هه‌رێم، سه‌ردانی ژماره‌یه‌ك دام‌و ده‌زگای حكومی‌و حیزبیان له‌ هه‌ولێری پایته‌خت كرد.

ئه‌مه‌و دام‌و ده‌زگاكان كه‌ بریتی بوون له‌ دیوانی وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و مه‌كته‌بی سیاسی پارت‌و حیزبه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێم، به‌ گه‌رمی پێشوازیان له‌ هه‌ڵوێستی ئاشتیخوازانه‌ی رێكخراوه‌كان‌و، به‌ ده‌نگه‌وه‌هاتنی داخوازیه‌كانی گه‌ل كردو، وێرای پشتیوانی‌و ده‌ربڕینی هه‌ماهه‌نگی، هیوایان خواست كه‌ رێكخراوه‌كان له‌ سه‌رجه‌م باس‌و خواسه‌ چاره‌نووس سازه‌كانی نێو شه‌قامی كوردی، هه‌مان هه‌ڵوێست‌و یه‌كده‌نگیان هه‌بێت.

شایانی باسە لە سەردانەكاندا مەلا ئەمیر گەردی وەك نوێنەری یەكێتی زانایان بەشدار بوو.