یەكێتی زانایان پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەری نوێی ئەوقافی هەولێر دەكات‌و ئەوقافی دەوروبەر بەسەر دەكاتەوە

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەك شەمە (16/12/2012) شاندێكی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێرییان كرد، بە مەبەستی پیرۆزبایی كردن لە بەڕێز سەید كەمال، كە تازە وەكو بەڕێوبەەری ئەوقافی هەولێر دەست بەكار بووە.

مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان لە دیدارەكەدا وێڕای پیرۆزبایی لێكردن، هیوای سەركەوتن لە كارەكانی بۆ خواست‌و، تەمەننای كرد، بتوانن خزمەتێكی باش بكەن.

سەرۆكی یەكێتی زانایان لە بەشێكی قسەكانیدا گووتی: تا دەتوانن خزمەتی مامۆستایانی ئایینی بكەن، چونكە ئەوان عەزیز‌و خۆشەویستی ئێمە، ئێوەی بەرێزیش هەتا زیاتر خزمەت بە مامۆستایانی ئایینی‌و مزگەوت‌و شوێنە ئایینیەكان بكەن، گەورەتر‌و بەڕێزتر‌و چالاكتر دەبن‌و، هەم لە دونیا سەربەرز‌و هەمیش لە قیامەتدا روو سوور دەبن‌و، ئێمەش وەك یەكێتی زانایان هەموو پشتیوانیەكتان دەكەین.

لە بەرامبەردا سەید كەمال بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد‌و، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ خزمەتكردن بە مزگەوت‌و مامۆستایانی ئایینی‌و، رایگەیاند: ئێمە لە ئەوقافی هەولێر هەمیشە باشترین هەماهەنگیمان لەگەڵ یەكێتی زانایان هەبووە‌و، ئەمەش یەكێكە لە خاڵی سەركەوتن لە كارەكانماندا.

دواتر شاندی یەكێتی زانایان سەردانی ئەوقافی دەوروبەریان كرد‌و، لەلایەن بەڕێز حاجی دەرسیم بەڕێوەبەری ئەوقافی دەوروبەر بە گەرمی پێشوازی لێكران‌و، سەرۆكی یەكێتی زانایان دەستخۆشی كارەكانی لێكرد‌و، بەتایبەتی كە خۆشبەختانە مامۆستایانی ئایینی لە سنووری ئەوقافی دەوروبەر لە بەڕێزیان رازینە‌و، بێجگە لە راپەڕاندنی كارەكان بەرامبەر مامۆستایانی ئایینیش هەمیشە بەڕێز‌و حورمەت بووە.

دووپاتیشی كردەوە، كە لە هەماهەنگی‌و هاوكاری یەكتری بەردەوام دەبین، چونكە بەم هەماهەنگییە خزمەت بە مامۆستایانی ئایینی‌و ئایینی پیرۆزی ئیسلام‌و كۆمەڵگەكەمان دەكەین.

لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەری ئەوقافی دەوروبەر بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد‌و، ئەویش شانازی بەوە كرد، كە خزمەت بە مامۆستایانی ئایینی‌و مزگەوت‌و كۆمەڵگەكەمان بكات.

دەستخۆشیشی لە یەكێتی زانایان كرد لەسەر ئەو هەماهەنگی‌و هاوكارییەی لەگەڵ ئەوقاف هەیانە.

شایانی باسە هەر یەك لە مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایان‌و شێخ عەبدولباسیت بالیسانی‌و مەلا جەعفەر گوانی ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان لەم سەردانانەدا یاوەری سەرۆكی یەكێتی زانایان بوون.