یەكێتی زانایان سەردانی پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكانی هەولێر دەكات

رۆژی یەكشەمە (16/12/2012) شاندێكی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان سەردانی راگرایەتی پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكان/ دەوامی بەیانیان كرد.

لە سەردانەكەدا مەلا عەبدولا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان دەستخۆشی لە پەیمانگا كرد، لە بەرامبەر ئەو خزمەتە گەورەیەی پێشكەشی دەكەن بەتایبەتی لە بواری وشیاری ئایینی‌و پێگەیاندنی كەسانی شارەزا بە هەستێكی جوانی موسڵمانانەی دوور لە خاوی‌و تووندڕەوی.

سەرۆكی یەكێتی زانایان لە قسەكانیدا تیشكی خستە سەر چەند خاڵێكی گرنگ، لەوانە گرنگی رۆڵی پەیمانگا بەوەی دەتوانێت باشترین شارەزای ئایینی پێشكەش بكات‌و، لە یەك كاتدا خزمەتی ئایینی ئیسلام بكەن‌و، دوور بن لە تووندڕەوی‌و كاری ناحەكیمانە، هەروەك دەست بە داب‌و نەریتی رەسەنی كوردەواریشەوە دەگرن‌و، عەقیدە‌و باوەڕی خەڵكیش لە هەر بیرۆكە‌و دەستێكی نامۆ بە وڵات بپارێزن، بۆ ئەوەی هەمیشە كۆمەڵگەیەكی دینداری دوور لە هەر سەلبیاتێك بین.

بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەیی یەكێتی زانایانی دەربڕی بۆ هەر پشتیوانیەك لە پەیمانگا چ لە بواری هوونەری بێت یان لە بواری زانستی‌و راگەیاندنەوە، كە ئێستا یەكێتی زانایان خاوەنی رادیۆ‌و گۆڤار‌و سایتێكی ئەنتەرنێتە، بەڕێزیان چۆنیان بووێت لە خزمەتیان دادەبین، بەتایبەتی كە هەموومان پێكەوە كار بكەین، تا لە ئاییندەدا ئەم پەیمانگایانە بكرێنە كۆلێژ.

بەڕێز دكتۆر عومەر سێبەردانی راگری پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكان بە گەرمی پێشوازی لە شاندی یەكێتی زانایان كرد‌و، ئەم سەردانەی بە هەنگاوێكی پیرۆز دانا بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر ئاگاداری كاروباری یەك بن‌و، یەكتری لە كەم‌و كوڕییەكان ئاگادار بكەنەوە‌و، پێكەوە خزمەتێكی جوانتر بە مامۆستایانی ئایینی‌و كۆمەڵگە‌و ئایینەكەمان بكەین‌و، هەوڵبدەین بۆ زیندووكردنەوەی خوێندنی ئایینی لە هەرێمی كوردستان، هەروەها دەستخۆشی لە یەكێتی زانایان كرد، كە پێشتریش هاوكار بووە لەگەڵیان‌و، هەماهەنگی باشی لەگەڵیان هەبووە، بەتایبەتی لە هۆڵ‌و شوێنی ئاهەنگی دەرچوون.

پاشان هەردوولا كۆكبوون كە لە ئاییندەدا هەماهەنگی‌و هاوكاری باشتریان هەبێت تا بتوانن خزمەتی زۆر باشتر پێشكەش بكەن‌و، پێكەوە كۆمەڵێك پڕۆژە‌و كاری هاوبەش ئەنجام بدەن.

شایانی باسە هەر یەك لە دكتۆر ئیبراهیم هەرشەلی بەرپرسی بەشی (جۆری دڵنیایی)‌و دكتۆر مەسعوود دەربەندی سەرۆكی بەشی پەروەردە‌و مامۆستا عیماد بالیسانی سەرۆكی بەشی بانگەواز ئامادەی دانیشتنەكە بوون‌و، لەلایەن یەكێتی زانایانیش هەر یەك لە مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایان‌و شێخ عەبدولباسیت بالیسانی‌و مەلا جەعفەر گوانی ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان لەم سەردانانەدا یاوەری سەرۆكی یەكێتی زانایان بوون.