بە مەبەستی پیرۆزباییكردن مەكتەبی تەنفیزی زانایان، راگری كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان بەسەر دەكاتەوە

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەمە 19/12/2012 شاندێكی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان سەردانی كۆلێژی زازستە ئیسلامییەكانی سەر بە زانكۆی سەلاحەدینیان كرد‌و لەلایەن دكتۆر محەمەد شاكر راگری كۆلێژ پێشوازییان لێكرا.

لە دیدارەكەدا مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی زانایان بەناوی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانەوە پیرۆزباییەكی گەرمی لێكردن‌و، هیوای خواست لە كارەكانی سەركەوتوو بێت‌و، ئامادەی هەماهەنگی یەكێتی زانایانیشی دەربڕی بۆ هەر كار‌و پڕۆژەیەك.

سەرۆكی یەكێتی زانایان لە بەشێكی قسەكانیدا تیشكی خستە سەر رۆڵی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان لە پێگەیاندنی نەوەیەكی نوێ‌و تەندروست لە خزمەتكردن بە ئایین‌و وڵات‌و نیشتیمان‌و كۆمەڵگەكەمان، بۆیە پێویستە هەمیشە كار لەسەر گەیاندنی پەیامی راستەقینەی ئیسلام بكەین، كە ئایینی وەسەتیەت‌و لێبووردنە.

لەلایەن خۆیەوە راگری كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان وێڕای بەخێرهاتن جەغتی لەسەر سەرجەم قسەكانی سەرۆكی زانایان كردەوە‌و، گووتیشی ئێمە هەمیشە بە گرنگییەوە كار لەسەر ئەو لایەنە دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین ئیسلامێكی دروست‌و رەوان بە كۆمەڵگە بگەیەنین.

هەروەها گووتی: ئێمە لەگەڵ ئێوە هەمیشە تەواوكەری یەكترینە‌و بە شانازییەوە كار لەگەڵ یەكێتی زانایان‌و وەزارەتی ئەوقاف دەكەین.

پاشان هەردوولا باسیان لە كار‌و چالاكی‌و ماندووبونی دكتۆر فائیز مەلا بەكر راگری پێشووی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان كرد، كە خزمەتێكی دیار‌و بەرچاوی هەبوو.

شایانی باسە هەر یەك لە مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی زانایان‌و دكتۆر ئەحمەد شافیعی‌و مەلا جەعفەر گوانی ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان یاوەری سەرۆكی زانایان بوون.