هاوكاری چین و توێژە جیاوازەكانی شەقلاوە گەیەندرایە ئاوارەكانی كەمپی دومیز

سەیفەدین لاسەیی /كەمپی ئاوارەكان

22/12/2012

دوا بەدوای كۆكردنەوەی هاوكاری چین و توێژە جیاوازەكانی سنوری قەزای شەقلاوە بۆ كوردانی رۆژئاوای كوردستان كە ئێستا دانیشتووی كەمپی (دومیز) ن لە پارێزگای دهۆك ئەمرۆ 22/10/2012 كاتژمێر 10 ی بەیانی هاوكاریەكان لەلایەن بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی شەقلاوە و لقی شەقلاوەی یەكێتی زانایان گەیاندرایە كەمپی ئاوارەكان

مەلا تەحسین خۆشناو بەرپرسی لقی شەقلاوەی یەكێتی زانایان و سەرۆكی لیژنەی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ كوردانی رۆئاوای كوردستان رایگەیاند دوا بەدوای بانگەوازمان بۆ خەلكی خێرخواز لەرێی مینبەری مزگەوتەكانەوە لەماوەی یەك

 هەفتەدا زیاتر لە (000 000 70) حەفتا ملیۆن دینار هاوكاری كۆكرایەوە و بەم برە پارەیە (900) نۆسەد سۆپای نەوتیمان كری و بە ئامادەبوونی ستافی لقی شەقلاوەی یەكێتی زانایان و بەرپرسی ناوچەكانی یەكێتی زانایان و بەرێوەبەر و فەرمانبەرانی ئەوقافی شەقلاوە بەهاوكاری ئیدارەی كەمپی ئاوارەكان بەسەر ئاوارەكانی كەمپ دابەش كرا

لای خۆشیەوە حاجی سەرباز ئەحمەد بەرێوەبەری ئەوقافی شەقلاوە و ئەندامی لیژنەی كۆكردنەوەی هاوكاری رایگەیاند دوای كۆكردنەوەی هاوكاریەكان بە هەماهەنگی لەگەل بەرێز رزگار حەسن قایمقامی شەقلاوە پەیوەندیمان كرد بە ئیدارەی كەمپی ئاوارەكان لەمەر دیاری كردنی كەم و كوری و پێداویستیەكانیان رێككەوتین لەسەر دابین كردنی سۆپا وەك قۆناغی دووەمی هاوكاریەكان بەم پرە پارەیەی لەلایەن خێرخوازانەوە لەسنوری هەریەك لە سەنتەری شەقلاوە و برا مەسیحیەكانی شەقلاوە و ناحیەی پیرمام و هیران و بالیسان و كۆمەلگای  بەستۆرە و كۆرێ بەدەستمان گەیشتبوو

سالم سعید جێگری بەرێوەبەری كەمپی ئاوارەكانی دومیز و بەرپرسی راگەیاندنی كەمپ سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی جەماوەری شەقلاوە و دەورووبەری كرد لەمەر هەست كردن بە بەرپرسیارێتی ئایینی و نیشتیمانی و ئینسانی رۆلی بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی شەقلاوە و لقی شەقلاوەی یەكێتی زانایانی بەرزنرخان بۆ سەرپەرشتی كردنی ئەم كارە خێرخوازیە

جێگەی باسە ماوەیەك لەمەوبەر لەرێگەی هەردوو لیژنەی ناوچەی یەكێتی زانایان لە هەریر و باسرمە لەژێرچاودێری بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی شەقلاوە هاوكاریەكانی هەردوو شارەدێی هەریر و باسرمە كەوا لەكەل و پەل و خواردن و پێداویستی جۆراو جۆر پێكهاتبوو بە (30) لۆری بارهەلگر گەیاندرانە كەمپی ئاوارەكانی دومیز لە پارێزگا دهۆك  وەك قۆناغی یەكەم

كەمپی ئاوارەكانی دومیز لەهەرێمی كوردستان دەكەویتە پارێزگای دهۆك و 9 مانگ لەمەوبەر لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كوردانی ئاوارەی رۆژئاوای كوردستان كردۆتەوە و بەپێی دوین ئامارەكان تا 20/12/2012 ژمارەی دانیشتووانی ئەم كەمپە گەیشتۆتە (45468) ئاوارە و تیایاندا (26881) دابەش بوونە بەسەر (6383) خێزان و (18587) سەڵت