سەرۆکی یەکێتی زانایان بۆ سایتی زانایان: مامۆستا مەلا جەعفەر گوانی باری تەندروستی بەرەو باشی دەچێت

 مامۆستا جەعفەر گوانی بەرپرسی راگەیاندنی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، رۆژی ١٠/١/٢٠١٣ بەھۆی بەربوونەوە لەبەردەم دەرگای ماڵەوەی، باری تەندروستی ناجێگیر بوو، ھەر بەو ھۆیەوە ئازارێکی زۆر بەر سەریەوە کەوت.


بەڵام دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەء ئەنجامدانی پشکنینی وردو چاودێری پێویست، سوپاس بۆ خوا ئێستا باری تەندروستی بەرەو باشی دەچێت.


لەو بارەوە بەڕێز مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان بە سایتی زانایانی راگەیاند: وێڕای دڵگرانیمان بە نەخۆشکەوتنی بەرێز مامۆستا مەلا جەعفەر گوانی، کە بەھۆی بەربوونەوە ئازاری پێ گەیشتووە، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێستا باری تەندروستی جێگیرەو بەرەو باشی دەچێت، چونکە لەکاتی بەربوونەوەء گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە توانینمان بەزوویی چارەسەری پێویستی بۆ دابین بکەینء بەھاوکاری پزیشکە بەڕێزەکان چاودێری وردی بۆ ئەنجام بدەین.


سەرۆکی یەکێتی زانایان زیاتر گوتیشی: بەمەبەستی چاودێریء وەرگرتنی چارەسەری ئێستا مامۆستا جەعفەر گوانی لەژێر چاودێری پزیشکی دایەء لە نەخۆشخانە خوێندرایە.


ھەروەھا گوتیشی: سوپاسی ھەموو ئەو بەرێزانە دەکەین، کە لەتەندروستیان پرسیوە، لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزیء سەرکردایەتیء سەرجەم لقەکانی یەکێتی زانایانی ئاینیء شێخانی تەریقەتء حزبء لایەنە سیاسیەکانء پەرلەمانتارانء رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیء راگرو ماموستایانی کۆلێژی شەریعەو پەیمانگای زانستە ئیسلامیەکانء، سەرجەم ئەو بەڕێزانەی پەیوەندیء سەردانیان کردووە.


ھەروەھا پر بەدڵ سوپاسی سەرجەم پزیشکء کادری تەندروستی ھەردوو نەخۆشخانەی رزگاریء فریاکەوتنی رۆژئاوا، کە زۆر دلسۆزانە بە ئەرکی خۆیان ھەڵسانء تا ئیستاش ھەر بەردەوامن.

خوازیارین خوای گەورە شیفای بەخێرو بە پەلەی مامۆستا جەعفەر گوانی بداتء بەزوویی چاک ببێتەوەء بگەڕێتەوە ناومان.