سلێمانی: به‌ شكۆدارییه‌وه‌ یاده‌ی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ر بێت) كرایه‌وه‌

مه‌لا محمد كه‌ڵكه‌ سماقیڕاگه‌یاندنی لقی سلێمانی: به‌مه‌به‌ستی به‌رز ڕاگرتنی یادی له‌دایك بوونی مامۆستای مرۆڤایه‌تی ( محمدو لموسته‌فای ) (درودی خوای له‌سه‌ر بێت)  لقی سلێمانی به‌هه‌ماهه‌نگی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ به‌رواری 24/1/2013 كه‌ به‌رامبه‌ره‌ به‌ 12 ی ربیع الاول ئاهه‌نگێكی پڕشكۆیان له‌مزگه‌وتی حاجی احمدی شه‌مه‌یی له‌سلێمانی سازكرد. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ زانایانی ئایینی و لایه‌نه‌ سیاسی یه‌كان‌و به‌رپرسه‌ حكومی و ئیداری یه‌كان و شێخانی ته‌ریقه‌ت و قه‌شه‌ به‌ڕیزه‌كانی مه‌سیحی و پیاوو ماقوڵانی شاره‌كه‌ ئاماده‌ی مه‌راسیمه‌كه‌ بوون. سه‌ره‌تای ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌چه‌ند ئایه‌تێك له‌ئایه‌ته‌كانی قورئانی پیرۆز ده‌ستی پێكردو دواتر كۆمه‌ڵێك وتارو ته‌واشیحی دینی پێشكه‌ش كران و له‌ كه‌شێكی پڕ له‌ ئارامی و ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) به‌گه‌رمو گوڕیه‌وه‌ یاده‌كه‌ به‌رز راگیرا. سه‌ره‌تای ئاهه‌نگه‌كه‌ وتاری به‌خێرهاتن له‌لایه‌ن به‌ڕێز مامۆستا شێخ )بها‌والدین نه‌قشبه‌ندی( به‌نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وقاف و یه‌كێتی زانایان پێش كه‌شكراو تێیدا باسی له‌ گه‌وره‌یی یاده‌ و پێویستی به‌رز راگراتنی له‌ قۆناغی ئێستادا كردو، گوتیشی: ئه‌و پێشوازیه‌ گه‌رمه‌ی خه‌ڵكی ئێمه‌ له‌ یادی مه‌لوود هێمایه‌ بۆ كاریگه‌ری ئایینی پیرۆزی ئیسلام له‌ناو ده‌روونی تاكه‌كانی میلله‌تی كورده‌وه‌‌و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش جێگه‌ی رێزه‌. پاشان وته‌ی به‌ڕێز كاك حاجی كامیل وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی خوێندرایه‌وه‌‌و له‌ قسه‌كانیدا ته‌ئكیدی پێویستی شاره‌زابوون و وه‌رگراتنی ده‌رس و وانه‌ له‌ ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) كرده‌وه‌.  دوا به‌دوای ئه‌مه‌ش چه‌ندان وتارو سروودی ئایینی تر پێشكه‌ش كران، هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا لقی زانایانی سلێمانی هه‌ڵسا به‌دابه‌شكردن‌و به‌خشینی قورئانی پیرۆزو ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كورته‌ ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان به‌ میوانه‌ به‌ڕێزه‌كان.  

جێی ئاماژه‌ پێدانه‌، وێڕای ئه‌و مه‌راسیمه‌ له‌ سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كانی شاری سلێمانی وێرای رازاندنه‌وه‌ی شارو شه‌قامه‌كان به‌جۆره‌ها لافیته‌‌و شیعری تایبه‌ت به‌و بۆنه‌وه‌، چه‌ندین ئاهه‌نگی دیكه‌ش به‌ڕێوه‌ چوون‌و له‌سه‌رجه‌م مه‌راسیمه‌كانیش زانایانی ئایینی له‌ رێی وتارو ئامۆژگاریه‌وه‌، تایبه‌تمه‌ندی‌و لاپه‌ڕه‌كانی كه‌سایه‌تی پێغه‌مبه‌ریان بۆ ئاماده‌بووان شی ده‌كرده‌وه‌‌و هیوان خواست كوردستان هه‌ر به‌م چه‌شنه‌وه‌ له‌خزمه‌ت یادی مه‌ولوود دابێت.