كه‌ركوك: مامۆستایه‌كی ئایینی تیرۆر ده‌كرێ‌‌و یه‌كێتی زانایانیش ئیدانه‌ی كاره‌كه‌ ده‌كات

شه‌وی رابردوو 29_30/1/2013 له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ شاری سلێمانیه‌وه‌ به‌ره‌و كه‌ركوك مامۆستایه‌كی ئایینی له‌ هێڕشێكی تیرۆرستی شه‌هید كرا. له‌نزیك ناوچه‌ی چیمه‌نی شاری كه‌ركوك له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌وه‌ ده‌ستدرێژی كرایه‌ سه‌ر سێ‌ مامۆستای ئایینی به‌ناوه‌كانی (مامۆستا ملا ره‌مه‌زان‌و مامۆستا مه‌لا عه‌بدولمالیك‌و مامۆستا مه‌لا سامان)، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا مامۆستا مه‌لا ره‌مه‌زان شه‌هید كراو هه‌ردوو مامۆستاكه‌ی تر به‌ سه‌ختی بریندار بوون. له‌و باره‌وه‌ مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا مه‌لا سه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان له‌ لێدوانێكی بۆ سایتی زانایان گوتی: ئێمه‌ له‌ یه‌كێتی زانایانه‌وه‌ وێڕای دڵگرانی‌و په‌رۆشی زۆرمان، به‌ توندی ئیدانه‌ی كاره‌ تیرۆرستیه‌كه‌ ده‌كه‌ین‌و، له‌هه‌مان كات پرسه‌‌و سه‌ره‌خۆشی خۆشمان ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌‌و خزم‌و دۆستانی مامۆستای ره‌حمه‌تی ده‌كه‌ین‌و هیواخوازین خوای گه‌وره‌ مامۆستای شه‌هید به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شاد بكات‌و شیفای به‌په‌له‌ش بۆ هه‌ردوو مامۆستا تر بنێرێت. هه‌روه‌ك داواش ده‌كه‌ین له‌ ئیداره‌ی كه‌ركوك به‌دواداچوونی پێویست بكات‌و، كاری پێویستیش بۆ ئه‌و دوو مامۆستا به‌ڕێزه‌ ئه‌نجام بدات. جێی ئاماژه‌ پێدانه‌ ئه‌و سێ‌ مامۆستا به‌ڕێزه‌ له‌ په‌یمانگای زانسته‌ ئیسلامیه‌كانی شاری سلێمانی قوتابی بوونه‌‌و رۆژانه‌ هاتوچۆیان كردووه‌، به‌ڵام ده‌ستی ره‌شی تیرۆر گه‌یشته‌ گیانیان‌و ئه‌و ناخۆشیه‌ی لێ‌ كه‌وته‌وه‌.