كفری: ساڵیادی له‌دایكبوونی پیَغه‌مبه‌ر ( دروودی خوای له‌سه‌ر بیَت) به‌رزو پیرۆز راگیرا

دانا مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین - گه‌رمیان: سه‌رله‌ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه‌ به‌رواری 26/1/2013 به‌سه‌رپه‌رشتی ناوچه‌ی خانه‌قینی سه‌ربه‌لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان و به‌به‌شداری ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ زانایانی ئاینی و به‌رپرسانی حكومی و حزبی و كه‌سایه‌تی و جه‌ماوه‌رێكی به‌رچلوی شاری كفری له‌ مزگه‌وتی خانه‌قای شاره‌كه‌ مه‌راسیمێكی شایسته‌ به‌رێوه‌ چوو. سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌ به‌خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تێك له‌قورئانی پیرۆز ده‌ستی پێكردو پاشان وته‌ی به‌خێرهاتن له‌لایه‌ن مامۆستا مه‌لا تارق هه‌مه‌وه‌ندی به‌رپرسی ناوچه‌ی كفری یه‌كێتی زانایان خوێنرایه‌وه‌و تیایدا ئاماده‌بوانی به‌خێرهێناو سوپاسی ئاماده‌بونی كردن و ده‌ستخۆشی ئاراسته‌ی هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ش كرد كه‌ هاوكاریان بوون" پاشانیش وتاری یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان له‌لایه‌ن مامۆستا مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین كه‌لاری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی و به‌رپرسی لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی زانایانه‌وه‌ خوێنرایه‌وه‌و له‌وته‌كه‌یدا سوپاس و ده‌ستخۆشانه‌ی خۆیی و لقه‌كه‌ی ئاراسته‌ی ناوچه‌ی كفری كرد بۆ سازدانی ئه‌و مه‌راسیمه‌و یادكردنه‌وه‌ی ساڵیادی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری به‌ئه‌ركی هه‌رتاكێك زانی و به‌هه‌نگاوێكی ئیجابی وه‌سف كرد بۆ به‌خۆدا چونه‌وه‌ی شوێنكه‌وتوانی. دواتریش مامۆستا مه‌لا نجم عبدالله به‌رپرسی ناوچه‌ی خانه‌قینی یه‌كێتی زانایان وتارێكی ئاینی به‌پێزی خوێنده‌وه‌و له‌وته‌كه‌یدا تیشكی خسته‌ سه‌ر كه‌سایه‌تی و رۆڵی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیداو ئاماده‌بوانی هاندا بۆ په‌یره‌وكردنی رێبازو به‌رنامه‌كه‌ی وه‌كو خۆی. شایانی باسه‌ له‌لایه‌ن گروپی سرود بێژانه‌وه‌ ناوبه‌ناو سرودی ئاینی پێشكه‌ش ده‌كراو له‌كۆتایشدا دیاری و شیرینی به‌سه‌ر به‌شداربوانی مه‌راسیمه‌كه‌دا دابه‌شكرا.