مامۆستا مه‌لا عوسمان سه‌عید ناسراو به‌ مه‌لا عوسمان تورك كۆچی دوایی كرد

دوای ته‌مه‌نێك له‌ خزمه‌تی مه‌لایه‌تی‌و خه‌بات‌و تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌یی، شه‌وی 3/2/2013 مامۆستا مه‌لا عوسمان سه‌عید ناسراو به‌ مه‌لا عوسمانی تورك كۆچی دوایی كرد. مامۆستا ئه‌گه‌رچی خه‌ڵكی پارێزگای (مووش)ی باكووری كوردستان بووه‌‌و له‌ سه‌ره‌تای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ گوندی (فه‌نه‌ك)ی شارۆچكه‌ی (بلانلخ) له‌ دایك بووه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی ته‌مه‌نی له‌ كوردستانی دایك به‌سه‌ر بردووه‌
 
مامۆستا له‌ توركیا له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی چه‌ندین جار خراوه‌ته‌ به‌ندیخانه‌‌و دواتر به‌ره‌و ئێران رۆیشتووه‌‌و په‌یوه‌ندی به‌ مه‌لا مسته‌فای بارزانیه‌وه‌ كردووه‌. هه‌روه‌ها خزمه‌تی پێشمه‌رگه‌ی كردووه‌‌و له‌ كۆماری مه‌هابادیش به‌ژدار بووه‌‌و چه‌ندین هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ی له‌ پێناو كورد‌و شۆڕشه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌
 
 
له‌ ساڵی 1949وه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تیه‌وه‌ نیشته‌جێ‌ بووه‌‌و ماوه‌ی پتر له‌ 15 ساڵ وه‌ك پێش نوێژو وتارخوێنی مزگه‌وتی حاجی قه‌سیم له‌ قه‌زای چۆمان خزمه‌تی كردووه‌، دوای ململانێی زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی له‌ شه‌وی 3/2 كۆچی دوایی كرد

به‌ بۆنه‌وه‌ پرسه‌‌و سه‌ره‌خۆشی له‌ خزم‌و دۆستان‌و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌كه‌ین‌و له‌خوای گه‌وره‌ش ده‌پارێینه‌وه‌ جێگه‌ی مامۆستای ره‌حمه‌تی به‌هه‌شت بێت‌و سه‌بووریش به‌ خزمانی بدات