سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان سوپاس‌و پێزانینی خۆی به‌ هه‌موو لایه‌ك راده‌گه‌یه‌نێ‌

له‌گه‌ڵ هاتنی 12ی ره‌بیعولئه‌وه‌ل‌و مانگی مه‌ولوودی پێغه‌مبه‌ری ئه‌كڕه‌مه‌وه‌، خه‌ڵكی موسڵمانی كوردستان به‌ شێوازێكی پڕ له‌جۆش‌و خڕۆشه‌وه‌، پێشوازی ئه‌و یاده‌ مه‌زنه‌یان كردو به‌ خێرو ئاماده‌كردنی خواردن‌و به‌شینه‌وه‌ی شیرنه‌مه‌نی‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كان‌و خوێندنه‌وه‌ی سرودو په‌خشانی ئایینی‌و سه‌ڵه‌وات‌و مه‌ولوود كردنه‌وه‌ كه‌شێكی جیاوازیان له‌گه‌ڵا مانگه‌كانی تر دروست كردبوو
 
ساڵانه‌ش له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی ئه‌و یاده‌ یه‌كێتی زانایان ئاماده‌كاری باش‌و پێویست ده‌كات‌و، تێكڕای زانایان‌و وتاربێژانیش هه‌وڵی زۆریان ده‌خه‌نه‌ كار له‌ پێناو شیكردنه‌وه‌ی فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت)، له‌گه‌ڵاَ ئه‌وه‌ش ئامۆژگاری به‌رنامه‌ی تایبه‌ت‌و نامیلكه‌‌و كۆڕو سیمینارو ئاهه‌نگ‌و وتاری زۆرو تایبه‌ت به‌و یاده‌ ده‌خرێنه‌ خزمه‌تی خه‌ڵكه‌وه‌
 
 
  به‌و بۆنه‌وه‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان به‌ناوی یه‌كێتی زانایانه‌وه‌ سوپاسنامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی هه‌موو لایه‌ك ده‌كات‌و ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی سوپاسنامه‌كه‌یه‌
 
به‌ناوی خوای گه‌وره‌‌و میهره‌بان به‌ پێویستی ده‌زانین وه‌كو مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایان پڕ به‌ دڵ سوپاسی تێكڕای خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ین، بۆ ئه‌و پێشوازیه‌ گه‌رمه‌ی له‌ یادی له‌دایكبوونی پێشه‌وای مرۆڤایه‌تی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان پیشانیاندا.ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ ته‌عبیره‌ له‌ خۆشه‌ویستی‌و پێگه‌ی پیرۆزی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ر بێت) له‌ناو دڵی موسڵمانانی كوردستانه‌وه‌
 
پڕ به‌ دڵ سوپاسی مامۆستایانی ئایینی ده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌ركیان كێشتا له‌ پێناو ئامۆژگاری‌و هۆشیاركردنه‌وه‌ی موسڵمانان‌و وتارو شیكردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی سه‌روه‌ری مرۆڤایه‌تی حه‌زره‌تی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ (درودی خوای له‌سه‌ر بێت)
 
وه‌ سوپاسی زۆرمان بۆ یه‌ك به‌ یه‌كی لقه‌كانی یه‌كێتی زانایان كه‌ له‌و یاده‌ جێده‌ستیان دیار بووه‌‌و خزمه‌تی باشیان پێشكه‌ش كرد. هه‌روه‌ها سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێم‌و سه‌رجه‌م دام‌و ده‌زگا حزبی‌و حكومیه‌كان‌و هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین، كه‌ رێز‌و ئه‌ركی پێویستیان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و یاده‌وه‌ نیشان دا، به‌تایبه‌تیش سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، كه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ پێویسته‌ ده‌م‌و ده‌زگاكان رێز له‌و یاده‌ بگرن‌و به‌ها رۆحیه‌كانی ژیانی پێغه‌مبه‌ر زیاتر له‌ناو واقع به‌رجه‌سته‌ بكه‌نه‌وه‌
 
 
هه‌روه‌ك سوپاسی ده‌زگاكانی راگه‌یانیش ده‌كه‌ین، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان‌و بابه‌تیه‌وه‌ بایه‌خی زۆریان به‌م یاده‌ شكۆداره‌ داو له‌ زۆربه‌ی شارو شارۆچكه‌كانه‌وه‌ دیمه‌ن‌و ئاهه‌نگ‌و كۆڕو فیستیڤاڵه‌كانیان ده‌گواسته‌وه‌.سوپاسی هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌كه‌ین، كه‌ به‌هه‌ر شێوه‌یێ‌ له‌ شێوه‌كان رێزیان له‌و یاده‌‌و بۆنه‌ ئایینیه‌ ناوه‌. هیوادارین تێكڕای بۆنه‌‌و یاده‌ ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ببنه‌ وه‌رچه‌رخان‌و هه‌نگاوێكی تازه‌تر له‌ گێڕانه‌وه‌ی به‌ها مرۆییه‌كان‌و ئه‌زموون‌و به‌ره‌و پێش بردنی كیانی نه‌ته‌وه‌یی‌و پاراستنی ئاسایشی وڵات‌و یه‌كریزی نێو ماڵی كوردو یه‌ك هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر پێشهاته‌كانه‌وه‌
 
جارێكی تر سوپاس بۆ هه‌موو لایه‌ك
 
مه‌لا عه‌بدوڵڵا مه‌لا سه‌عید
سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
3/2/2013