یەكێتی زانایان: سوورین لەسەر هێنانەدی خواستی مامۆستایانی ئایینی

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

ماوەی زیاتر لە ساڵێكە لە هەوڵ‌و كۆششی بەردەوام داین بۆ چاككردنی بار‌و گوزەرانی مامۆستایانی ئایینی هەرێمی كوردستان، كە دیارە یەك لە چینە هەرە كاریگەر‌و ماندووەكانی كوردستانن‌و، لە زۆربەی رووداو‌و پێشهاتەكاندا جێ پەنجەیان دیارە، كەچی لە بەرامبەردا‌و لە رووی ژیان‌و گوزەرانەوە، خاوەن مووچەیەكی كەم‌و، لە زۆربەی فەرمانبەرانی كوردستان مووچەیان كەمترە.

 

بۆیە وەك ئەركێكی سەرشانمان‌و بەناوی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانەوە، زیاتر لە پێنج جار بە نووسراوی رەسمی نووسراوی رەسمیمان بەرز كردۆتەوە‌و، چەندین دیدار‌و سەردانمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجام داوە، لەوانە سەردانی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزارەتی دارایی‌و... لە كاتی گفتوگۆی بودجەی پار ساڵیش بە رەسمی داوامان لە سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كرد، بە فراكسیۆنی دەسەڵات‌و هەر سێ‌ فراكسیۆنەكەی ئۆپۆزسیۆنیشەوە، بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆ دروست بكەن‌و، زیادەكردنی مووچەی مامۆستایانی ئایینی بخەنە ناو پڕۆژەكانیان، بەڵام بەداخەوە بێجگە لە چەند قسەیەك‌و چەند ریكلامێكی راگەیاندن هیچ شتێكی وەكو پێویست نەكرا.

 

ئێستاش ئەوە چەندین دیدار‌و سەرندانمان ئەنجام داوە‌و، بەردەوامیش دەبین، پێشمان وایە مامۆستایانی ئایینی بەڕێز مافێكی سرووشتی خۆیانە، داوای چاككردنی گوزەرانی ژیانیان بكەن، لەوەشدا ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزارەتی دارایی، دان بەوە دەنێن پێویستە گوزەرانی مامۆستایانی ئایینی چاكتر بكرێت.

 

بۆ ئەمەش دوای چەندین دیدار‌و داواكاری لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان‌و لێژنەكان‌و ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزارەتی دارایی، داتای پێویستمان پێشكەش كردوون بەناوی سەرجەم مامۆستایانی ئایینی (ئیمام‌و خەتیبەكانی كوردستان)، لە بەرامبەردا ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزارەتی دارایی رەزامەندی خۆیان نیشانداوە، كە لە ئایندەیەكی نزیكدا مووچەی مامۆستایانی ئایینی هەرێمی كوردستان هاوتا دەكرێت لەگەڵ مووچەی مامۆستایانی ئایینی لە بەغدا، ئەمەش مووژدەیەكی دڵخۆشكەرە‌و، خوازیارین بە زووترین كات جێبەجێ بكرێت.

 

بۆیە وێڕای ئەوەی، داواكردنی چاككردنی گوزەرانی مامۆستایانی ئایینی بە مافێكی رەوا دەزانین، بە هەموو لایەكی رادەگەینین، ئەو بەڵێنە دراوە‌و، جێبەجێش دەكرێت، بەبێ‌ ئەوەی هیچ كەمپین‌و گردبوونەوەیەكی پێویست بێت، یان خەڵكێكی تر بۆ مەبەستی جیا جیا خۆی بكاتە دەمراستی زانایانی ئاینی.

 

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

14/2/2013