یەكێتی زانایان داوای ئیجرائاتی یاسایی دەكات... لە سلێمانی یەكەم شوێنی لەشفرۆشی بە ئاشكرا دەكرێتەوە

بە پێی هەواڵێكی گۆڤاری هۆنیا لە سلێمانی شوێنێكی تایبەت بە لەشفرۆشی بە ئاشكرا دەكرێتەوە، گۆڤارەكە نووسیویەتی: (لە سلێمانی یەكەم شوێنی تایبەت بە لەشفرۆشی كرایەوە بەبێ‌ ئەوەی هیچ كەس رێگریان لێ‌ بكات، كە بە پێی زانیارییەكانی لامانە ئاسایش‌و دەزگا ئەمنییەكانی شاری سلێمانی خۆیان رێگەیان پێداون یان رێگریان لێ‌ ناكەن یان چاوپۆشیان لێدەكەن).

لە بەرامبەر ئەم هەواڵەدا یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، هەر رۆژی دوای دەرچوونی گۆڤارەكە، لە (10/2/2013) دەستبەجێ‌ كۆمەڵێك رێ ‌و شوێنیان گرتە بەر، لەوانە داوایان لە داواكاری گشتی كردووە، كە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بكەن‌و ئیجرائاتی یاساییان لەگەڵ بكرێت، چونكە هەواڵەكە باس لەوە دەكات: لە پارێزگای سلێمانی چینی‌و بەنگلادیشی لە شوێنێكی تایبەت لە ناو جەرگەی شاری سلێمانی كارى بەدرەوشتی دەكەن‌و، ئەنجامدانی ئەم كارە بەئاشكرایی زیانی زۆر بە كۆمەڵگە دەگەیەنێت‌و، پێچەوانەی ئایینی پیرۆزی ئسلام‌و دابی گشتی‌و رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستانە.

مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان بۆ سایتی زانایان رای وایە: پێویستە هەموو لایەك بەتایبەتی دام‌و دەزگا‌و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ‌و مافی ئافرەت بە زووترین كات بێنە دەنگ‌و هەقیقەتی ئەم هەواڵە دەربخەن، چونكە كردنەوەی شوێنێكی وەها، پێچەوانەی مافی مرۆڤە‌و، كەمكردن‌و بە سووك تەماشاكردنی ئافرەتانە.

هەروەك پێویستە ئاسایش‌و دەزگا ئەمنیەكانی شاری سلێمانیش روونكردنەوە لەم بارەوە بدەن، چونكە ئەمانە دەزگای بەرز‌و بەڕێزن‌و، شوێنی پاراستنی كەڕامەت‌و سەر‌و ماڵ‌و گیان‌و نامووسی هاووڵاتیانە‌و، خەڵك بە تەواوی متمانەوە تەماشايان دەكات، كەچی ئەم جۆرە كارانە -ئەگەر بەم شێوەیە راست بێت- پێچەوانەی ئەم ویست‌و خواستانەيە.