توركیا: بۆ یەكەم رێگە دەدرێت وتاری هەینی بە زمانی كوردی بخوێندرێتەوە

بە پێی هەواڵێك كە لە ماڵپەڕی (islammemo.cc) بڵاوكراوەتەوە، هەردوو رۆژنامەی (ستار)‌و رۆژنامەی (ینی شفق) توركی رایانگەیاندووە، كە بۆ یەكەم جار لە توركیا رێگە بەوە درا، وتاری هەینی بە زمانی كوردی بخوێندرێتەوە.

 

ئەم بڕیارە لەدوای ئەوە هات، كە رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆك وەزیرانی توركیا، لە سەردانێكی بۆ شاری ماردین و پێشكەشكردنی وتارێك رايگەیاند: كە دەبێ‌ داخوازی خەڵكی جێبەجێ‌ بكرێ‌، خەڵك هەیە پێی وایە لە زمانی كوردی باشتر تێ‌ دەگات.

 

هەروەها ئەردۆگان بە زانا‌و ئامادەبوونی وتارەكەی راگەیاندووە: كە ئێستا لە توركیا دەتوانن بەهەرسێ‌ زمانی كوردی‌و توركی‌و عەرەبی وتارو ئامۆژگاری پێشكەش بكەن.

 

رۆژنامەكە ئەوەشی باس كردووە، كە ئەردۆگان گلۆپی سەوزی بۆ خوێندنەوەی وتارو مەوعیزە بەزمانی كوردی پێ‌ كردووە‌و گوتویەتی: گرنگ نیە بەچ زمانێك قسە دەكرێ‌، بەڵكو ئەوە گرنگە چ دەگوترێ‌.

 

ئەو هەنگاوە وێڕای ئەوەی مافێكی سەرەتای‌و سروشتی هەر نەتەوەیەكە، بەڵام چەندین ساڵە، بەهۆی ململانێی سیاسیەوە رێگە بە كوردانی كوردستانى باكوور نەدەدرا بە زمانی دایك لە شوێنە گشتی‌و فەرمیەكان قسە بكە.