بەبۆنەی دەست بەكاربوونی.. یەكێتی زانایان پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەری گشتی حەجی كوردستان دەكات

 رۆژی پێنج شەمە (21/2/2013) شاندێكی یەكێتی زانایان سەردانی بەڕێوەبەری گشتی حەجی كوردستانیان كرد.

 

لە سەردانەكەدا مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید گرتكی سەرۆكی یەكێتی زانایان بەناوی مەكتەبی تەنفیزی‌و زانایانی ئایینیەوە پیرۆزباییەكی گەرمی لە شێخ قاسم بەرزنجی كرد، بەبۆنەی دەست بەكاربوونی وەك بەڕێوەبەری گشتی حەج‌و عومرەی هەرێمی كوردستان‌و، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست، بەتایبەتی لە رابردوودا شێخ قاسم هەمیشە هاوكاری یەكێتی زانایان بووە لە هەر كار‌و ئیشێك، كە بۆ بەرژەوەندی ئایین‌و گەل‌و نیشتیمان‌و زانایانی ئایینی بووبێت، خۆشبەختانە كەسێكی نەرم‌و لەسەرخۆ بووە لە كارەكان‌و، هەوڵی داوە بە هێوری و لەسەرخۆ كارەكان بچنە سەر.

 

لە ئەركی نوێشیدا، سەرۆكی زانایان هیوای سەركەوتنی بۆ خواست، بەتایبەتی كە ئەركێكی ئایینی‌و نیشتیمانی مەزنە‌و، خزمەتێكی گەورەیە، بۆیە وەك یەكێتی زانایان ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەر شتێك، بە یەكێتی زانایان چارەسەر بكرێت‌و بەرەو پێش بچێت، بەتایبەتی رابروودێكی باشی هاوكاریان بە یەكەوە هەیە، چونكە لەو كاتەی بەڕێزیان بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی هەولێر بوو، كەسێكی نەرم‌و غەمخۆر بوو، هەمیشە بە راوێژ‌و هێواشی كارەكانی رادەپەڕاندن‌و، هەوڵی دەدا بەشێوەی یاسایی هاوكاری هەموو هاووڵاتیان بكات، بەتایبەتی مامۆستایانی ئایینی.

 

لەلای خۆیەوە شێخ قاسم بەرزنجی بەڕێوەبەری گشتی حەج‌و عومرەی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵ بوو بە سەردانەكە‌و، تەئكیدی كردەوە، ئەوان شانازی بەوە دەكەن خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان بكەن، بەتایبەتی مامۆستا‌و زانایانی ئایینی، كارە نوێكەشی بە كارێكی پیرۆزی ئایینی‌و نیشتیمانی وەسف كرد، بۆیە بە پشتیوانی خوای مەزن دڵسۆزانەتر‌و لێنەبڕاوانەتر كاری بۆ دەكات.

 

پشتیوانی‌و هەماهەنگی خۆشی بۆ یەكێتی زانایان دەربڕی‌و، پێی وابوو لە رابروودا لە هەموو ئەو كارانە سەركەوتوو بووە، كە بە تەنسیق‌و هەماهەنگی یەكێتی زانایان ئەنجامی داون، بۆیە لەسەر هەمان بیرۆكە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری پێ بكات.

 

شایانی باسە شاندی یەكێتی زانایان لە سەرۆكی زانایان‌و مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆك‌و شێخ عەبدولباسیت بالیسانی ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی‌و مەلا دڵشاد گەڵاڵی پەیوەندییەكانی زانایان پێكهاتبوو.