رۆژی چوار شەمە دووەمین (كۆڕبەندی زانستی) لە هەولێر بەڕێوە دەچێت

بڕیارە بەیانی چوارشەممە (27/2/2013) لە هەولێر دووەمین كۆڕبەندی زانستی بەڕێوە بچێت، كە بە هەماهەنگی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان‌و سەنتەری زانستی ئیمامی شافیعی لە ئوردەن بەڕێوە دەچێت.

 

مەلا عەبدولا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان بە سایتی زانایانی راگەیاند: لەم كۆڕبەندەدا چەندان كەسایەتی عالم‌و زانا لە ولاتەكانی ئوردەن‌و مەغریب‌و میسر‌و چەند ولاتێكی دیكە ئامادەی دەبن‌و، سەرباری ژمارەیەك زانا‌و مامۆستای ئایینی لە سەرتاسەری كوردستان‌و توێژەر‌و كەسایەتی رۆشنبیری كوردستان، كە تێیدا چەندی توێژینەوەی گرنگ ئەنجام دەدرێت.

 

هەروەها باسی كرد، كە ئامانجمان زیاتر ناساندنی توانا‌و لێهاتوویی زانایانی كوردستانە‌و، هەروەك دەمانەوێت سوودی زیاتر بە هەموو لایەك بگات، بەتایبەتی لەلایەنی زانستی‌و رۆشنبیرییەوە. هەروەك لە رێگەی ئەم جۆرە سمینارانە دەمانەوێت واقیعی هەرێمی كوردستان بە جیهانی ئیسلامی بناسێنین.

 

شایانی باسە كۆڕبەندەكە لە هەولێر لە هۆتێلی (بێست ئین ئەربیل) دەبەسترێت‌و، بڕیارە كاتژمێر (10) بەیانی رۆژی چوارشەممە (26/2/2013) مراسیمی كردنەوەی بەڕێوە بچێت.