دووەمین كۆڕبەندی زانستی دەستی بە كارەكانی كرد

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە (27/2/2013) دووەمین كۆڕبەندی زانستی ئایینی دەستی بە كارەكانی خۆی كرد.

 

كارتژمێر دەی سەر لە بەیانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاوی مامۆستایانی ئایینی‌و كەسایەتییەكانی كوردستان‌و كەناڵەكانی راگەیاندن، لە هۆڵی سمینارەكانی هوتێلی (بێست ئین ئەربیل) مەراسیمی كردنەوەی كۆڕبەندەكە ئەنجام درا.

 

دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێكی قورئانی پیرۆز، مامۆستا مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد‌و، تێیدا وێڕای بەخێرهێنانی هەموو لایەك بۆ كۆڕبەندەكە، باسی لەوە كرد، كە لە ساڵانی رابردوو پەیوەندی زانایانی ئایینی هەرێمی كوردستان بە جیهانی ئیسلامی لاواز بووە، كە سەرباری ئەو هەموو پێشكەوتن‌و گۆڕانكارییانەی بەسەر كوردستان هاتوونە‌و، كە زۆر جیاوازە لە سەرجەمی شارەكانی دیكەی عێراق، كەچی ئەم خەڵكە بە هەمان چاو تەماشای كوردستانیان دەكرد‌و، پێیان وابو ئەو شەڕ‌و گرژیانەی لە عێراقدا هەن، هەمووشی لە كوردستان هەیە، هەروەك هیچ ئاگاداری ئاستی زانستی مەلایانی كورد نەبوون، بەڵام خۆشبەختانە لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی رابردوو كۆمەڵە دیدار‌و پەیوەندی مەزنمان لەگەڵ جیهانی ئیسلامی بەستووە‌و، ئێستا پەیوەندیمان لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی‌و سەنتەر‌و ناوەندە ئایینی‌و رۆشنبیرییەكان هەیە‌و، چەندین كۆڕ‌و سمینار‌و كۆنفرانس‌و خوولی رۆشنبیریمان لەو وڵاتانە ئەنجام داوە، كە پار ساڵ لە وڵاتی ئوردن لەگەڵ سەنتەری ئیمامی شافیعی ئەنجاممان دا، كە سەنتەرێكی باوەڕپێكراوی خاوەن كەسایەتی‌و پێگەیەكی دیارە لەم وڵاتەدا، ئەوانیش ساڵانە لە ولاتێك كۆرەبەندێك ئەنجام دەدەن، بۆ ئەمساڵیش كە یەكەم كۆڕبەندیانە لە دەرەوەی شانشینی ئوردن، ئەوان كوردستانیان هەڵبژاردووە، هەروەها ئەو باسانەی لەم كۆڕبەندە قسە‌و گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، بۆ ئێمە زۆر گرنگن، بەتایبەتی لە مەسەلەی فەتوا‌و ئەو گۆڕانكارییانەی لە شێوازی فەتواداندا دەكرێت.

 

دواتر سەرۆكی زانایان بەخێرهاتنێكی تایبەتی شاندی میوانی كرد، بەتایبەتی ئشێخ سەمیر موردا شوابكە بەرپەرس‌و بەڕێوەبەری سەنتەری ئیمامی شافیعی‌و، ئەوانەی توێژینەوەیان هەیە، كە لە ئۆردەن‌و‌ میسر‌و یەمەنەوە هاتوونە‌و، بەخێرهاتنی كرد بۆ ناو نەوەكانی ئیبنولحاجیب‌و شێخ سەڵاحی شارەززری‌و نەوەكانی سەڵاحەدینی ئەیوبی‌و..، هیوای خواست بە توێژینەوەكانیان سوودێكی زۆر بگەیەننە ئامادەبووان، بەتایبەتی كە هەموویان لە وڵاتی خۆیان كەسایەتی عیلمی دیارن، هەروەك داوای لێكردن، كە وێنەی واقیعی هەرێمی كوردستان وەكو خۆی بۆ ولاتی خۆیان بگوازنەوە. هەروەها سوپاسی هەر یەك لە مامۆستا عەبدولەرحمان سدیق‌و دكتۆر ئیبراهیم هەرشەلی كرد، كە دوو مامۆستا‌و كەسایەتی كوردن‌و، دوو توێژینەوەیان بۆ كۆڕبەندەكە ئامادە كردووە.

 

لە كۆتایی قسەكانیدا هیوای خواست مامۆستا‌و زانایانی ئایینی كورد بە تێبینی‌و سەرنجەكانیان سمینارەكان دەوڵەمەندتر بكەن.

 

شێخ سەمیر موراد شوابكە سەرۆكی سەنتەری ئیمامی شافیعی وتەی خۆی پێشكەش كرد‌و، سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و یەكێتی زانایانی كرد بۆ ئەم هەماهەنگی‌و هاوكاری‌و میواندارییەی كردوویانە، سوپاسێكی تایبەتی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر‌و مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی زانایانی كرد، كە هەموو ئامادەباشی‌و ئاسانكارییانە بۆی ئەنجام داوە بۆ دروستكردنی پەیوەندی باشتر‌و هەماهەنگی بەردەوام، هەر لە وتەكەیدا سەرسوڕمانی خۆی بە هەرێمی كوردستان دەربڕی‌و، ئەوەی ئەو چاوەڕوانی نەكردبوو، لێرە لە كوردستان بینی، وەك ئەو باسی كرد، كوردستان وڵاتێكی جوان‌و خۆشە‌و، شانازی پێوە كردووە، دوای ئەوەی جاری پێشوو بە سەردان هاتووە، بابەتێكی لەسەر كوردستان نووسیوە، ئەو گووتی: لە كوردستان پێشكەوتنی زۆر هەیە لە بواری ئاوەدان كردنەوە، ئاوەدانكردنەوەی مەعنەوی‌و مادی، ئاوەدانكردنەوەی مەعنەوەی بریتییە لەو پێكەوەژیان‌و خۆشەویستی‌و برایەتییەى لە نێوان سەرجەم پێكهاتە جیاوازەكان هەیە، ئەو خەمخۆری‌و بەپیرەوەهاتنەی زانایان‌و هاووڵاتیانە بۆ عیلم‌و زانیاری‌و فێربوون، هەروەها پێشكەوتنی مادیش بریتییە لەو بینا‌و تەلارسازییەی لە كوردستان هەیە، بۆیە ئومێدەخوازە لەم سمینارانەش شتێكی باش پێشكەشی یەك بكەن، ئینجا تیشكی خستە سەر سەنتەرەكەیان‌و پێناسەیەكی كرد.

 

دواتر دكتۆر بەشیر خەلیل سەرۆكی لێژنەی ئەوقاف لە پەرلەمانی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد‌و، لە وتەكەیدا دەستخۆشی لە سەنتەری ئیمامی شافیعی‌و یەكێتی زانایان كرد بۆ سازدانی ئەم كۆڕبەندە‌و، بە پێویستییەكی گرنگی دانا، بەتایبەتی كە ئێمە لە سەدەی بیست‌و یەكەم‌و هەزارەی سێیەم دەژین، پێویستمان بە زانیاری‌و تێگەیشتنی زیاتر هەیە‌و، پێویستە لەگەڵ خێرایی گۆڕانكارییەكان بڕۆین، بەتیابەتی دوو تەیاری پڕ مەترسی هەن، پێویستە كار بكەین تەشەنە نەكەن، یەكیان ئەوانەی هەموو شتێك رەت دەكەنەوە‌و، بوونەتە كەسانێكی تووندڕۆو تەكفیری، دووەمیان ئەوانەی بە پێی هەوا‌و ئارەزووی خۆیان مامەڵە دەكەن‌و، گوێ‌ بە هیچ دەق‌و پیرۆزییەك نادەن، ئەوانە هەردووكیان مەترسین، ئیسلام ئایینی مامناوەندی‌و وەسەتیەتە.

 

دواتر هیوای خواست ئامادەبووان لەم دوو رۆژەدا پەیامێكی زانستی گەورە وەربگرن‌و، زیاتر ئاشنای یەكتری بن.

 

شایانی باسە ئەمە دووەمین كۆڕبەندی زانستی ئایینە، یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە هەماهەنگی سەنتەری ئیمامی شافیعی لە شانشینی ئۆردەن ئەنجامی دەدەن، كە یەكەمیان لە ئۆردەن بوو، ئەمە دووەمیان لە هەولێر ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.