هه‌رچه‌نده منداڵا رۆژووی له‌سه‌ر نیه به‌ڵام راهێنانو فێركردنیان مایه‌ی خۆشی منداڵه‌كانه ئینجا گه‌وره‌كان، چونكه منداڵا حه‌زی به لاسایی كردنه‌وه‌ی گه‌وره‌كانه‌و حه‌زیش ده‌كات بوون‌و هێزو لێهاتوویی خۆی نیشانی به‌رامبه‌ر بدات، بۆیه زۆر جار هه‌رخۆی حه‌ز ده‌كات به‌ڕۆژوو ببێ.
به‌ڕۆژووبوون بۆ جه‌سته‌ی ناسكی منداڵا كارێكی ئاسان نیه، بۆیه ده‌بێ به هێواشیو به نه‌رمی رابهێنرێ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له خواره‌وه له 10 خاڵدا چۆنیه‌تی راهێنانو فێركردنی منداڵا ده‌خه‌ینه روو:
1- به‌ر له‌وه‌ی رۆژوو بگرن له‌سه‌ر دایكان‌و باوكان پێویسته باسی چۆنیه‌تی بهڕۆژووبوونو خێر‌و پاداشت‌و گه‌وره‌ییه‌كه‌ی بكه‌ن بۆ منداڵه‌كانیان، تا بزانن ته‌نها بۆ چاولێكه‌ری ئه‌وكاره ناكه‌ن.
2- وا باشه بۆ راهاتنی جه‌سته‌ی منداڵا له‌سه‌ر رۆژوو سه‌ره‌تا رۆژێكی ته‌واو به‌ڕۆژوو نه‌بن، به‌ڵكو بۆ نمونه: تا نیوه‌ڕۆ یان تا عه‌سر، پاشان دواتر له‌گه‌ڵا راهاتنی ئه‌وان ماوه‌كه درێژ بكرێته‌وه.
3- به‌ر له ره‌مه‌زان له مانگی شه‌عبان دوو یان سێ رۆژێك وه‌كو مهشقو راهێنانێك به‌یه‌كه‌وه رۆژوو ببن تا ئاشنا ببن به چۆنیه‌تی رۆژوو.
4- تا ده‌كرێ پارشێو دوابخرێ، به‌مه منداڵه‌كان به‌رگه‌ی زیاتریان لا دروست ده‌بێ.
5- دوای تهواوكردنو به‌رۆژوو بوونی هه‌ر رۆژێك خه‌ڵاتێك بده به‌منداڵه‌كه‌ت، تا بزانێ كه تۆ هه‌ست به ههوڵاو ماندوو بوونی ئه‌و ده‌كه‌یت.
6- لای خزمان‌و دۆستان‌و له‌سه‌ر خوان به به‌رچاوی ئه‌وانه‌وه باسی توانا‌و بوێری منداڵه بهڕۆژووهكانت بكه، تا وره‌یان زیاتر بێت.
7- ئه‌گه‌ر زیاتر له منداڵێكت هه‌یه، هه‌وڵبده گیانی كێبهركێیی دروست بكه له نێوانیان، بێ روشاندنو شكاندنی ههستو توانای هیچ كامێكیان.
8- بۆ له بیرچوونه‌وه‌ی برسیبوونیان به شتێكی به‌سوود سه‌رقاڵیان بكه‌ن، وه‌ك: نوستن، سه‌یركردنی فیلمی كارتۆنی، یاریكردن.
9- وا باشه باوكان كوڕه‌كانیان له‌گه‌ڵا خۆیان ببه‌ن بۆ مزگه‌وت - به تایبه‌ت بۆ نوێژی عه‌سر- بۆ نوێژكردن‌و گوێدانه ئامۆژگاری.
10-سه‌ردانی كردنی ئه‌و ماڵه دراوسێ‌و خزمانه‌ی منداڵه‌كانیان به‌رۆژوو ده‌بن، تا له منداڵه‌كان نێوان خۆیان باسی به‌ڕۆژوو بوون‌و ژماره‌ی رۆژه‌كانی به‌ڕۆژوو بوونیان بۆ یه‌ك باس بكهنو یه‌كتر هان بده‌ن.
11- دوای نان خوارنو شكاندنی ڕۆژووهكانیانو نوێژی ته‌ڕاویح، وه‌ك پاداشتێك گه‌شتێكی شه‌وانه‌یان پێبكه، بۆ شاری یاری یان خواردنه‌وه‌ی ساردهمهنیهك...هتد.
ماوه‌ته‌وه بڵێین: پێویسته دایكان‌و باوكان ئه‌وه بزانن‌و ئاگاداربن؛ ئه‌گه‌ر هاتوو منداڵه‌كانیان له كاتی به‌ڕۆژوو بوونیان بێ تاقهتو شه‌كه‌ت بوون ده‌بێ رۆژووه‌كانیان پێ بشكێنن، تا به‌هۆی بێ هێزیو ماندووبوونیانه‌وه وایان لێ نه‌یه‌ت، رقیان له رۆژوو ببێته‌وه، یان تووشی شكاندنی رۆژووه‌كانیان ببن به نهێنیو دواتریش به درۆ خۆی وا نیشان بدات كه به‌ڕۆژووه.
|