لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەشدا: پێویستە حكومەتی عێراقی بەپیر خواستەكانی جەماوەرەوە بچێت

رۆژی چوارشەمە (6/3/2013) شاندێكی هاوبەشی مەجمەعی فیقهی عێراقی‌و ئەنجومەنی زانایانی عێراق سەردانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیان كرد‌و، لە گەرمییەوە لەلایەن سەرۆك‌و جێگری سەرۆك‌و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی پێشوازی كران.

 

لە دیدارێكی هاوبەشدا گفتوگۆ دەربارەی یەكریزی نێوان زانایانی كوردستان‌و ناوەڕندی سوننی لە عێراق‌و، پێویستی ئەم جۆرە دیدارانە‌و راگۆڕینەوە نێوان هەردوولا كرایەوە، هەردوولاش تەئكیدیان لەسەر دۆخی ئێستای عێراق كردەوە لە كەڵەكەبوونی گرژییە سیاسی‌و خزمەتگوزارییەكان، كە پاڵی بە رۆڵەكانی سوننەی عێراقەوە ناهەڵستن بە ئەنجامدامی خۆپیشاندانی گەورە لە شارە گەورەكانەوە‌و، تا ئێستا ئەم خۆپیشاندانانە بەردەوامن‌و رۆژ لە دوای رۆژیش رێژەیان فراوانتر دەبێت، لە خۆپیشاندانەكاندا خۆپیشاندەران چەند داخوازریێكیان هەیە، كە بە مافی سەرەتایی تاكی عێراقی دەزانن.

 

مەلا عەبدولا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان پشتیوانی تەواوی زانایانی كوردستانی دەربڕی بۆ داخوازییە مەشروعەكانی خۆپیشاندەران كردەوە كە لەگەڵ دەستوور بێنەوە، نیگەرانی خۆشی دەربڕی كە تاكو ئێستاكە حكومەتی عێراقی بە پیر داخوازییەكانی خۆپیشاندەرانەوە نەهاتووە، ئەمەش شەقامی عێراقی زیاتر تووڕە كردووە، هەروەك سووربوونی خۆی دەربڕی لەسەر ئەوەی پێویستە پارێزگاری لە هێمنی‌و ئاشتیانەی خۆپیشاندانەكان بكرێت‌و پەنا بۆ تووند‌و تیژی نەبردرێت‌و، رێگە نەدەن تووندڕۆكان دەست بخەنە ناو خۆپیشاندنەكان‌و بە بەرزكردنەوەی دروشمی نەگونجاو لەگەڵ داخوازییەكانی خۆپیشاندەران.

 

هەروەها داوای لە حكومەتی ناوەندی كرد پەلە بكات لە بەپیرەوەچوونی داخوازییەكان‌و، پەنا نەبات بۆ هەڵسوكەوتی سیاسەتەكانی حزبێك بە تەنها‌و، بگەڕێتەوە بۆ رێكەوتنامە هاوبەشەكان لە نێویشیاندا رێكەوتنامەی هەولێر، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی هەمووان هەست بە گیانی هاووڵاتیبوون لەم وڵاتەدا بكەن.