پەیامی یەكێتی زانایان بەبۆنەی (8)ی مارس

بەبۆنەی (8)ی مارسی رۆژی ئافرەتان یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان پەیامێك بڵاودەكاتەوە. 

بەناوی خوای گەورە‌و میهرەبان

بەبۆنەی ساڵرۆژی ئافرەتانەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم خوشكان‌و دایكان دەكەین‌و، هیوادارین ئەم یادە هاندەر بێت بۆ زیاتر گەیشتن بە مافەكانیان.

ئێمە لە یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانەوە لە دوای كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی زانایانەوە پشتیوانیكردن لە مافەكانی ئافرەتان‌و كاركردن بۆ گێڕانەوەى مافەكانیان لە ئەولەویاتی كارەكانمان داناوە‌و، لەوەشدا چەندین چالاكی‌و كاری هەمەجۆرمان ئەنجامداوە لەگەڵ رێكخراوەكانی مافی ئافرەت‌و كۆمەڵگەی مەدەنی‌و مافی مرۆڤ، لە سمینار‌و وتاری هەینی‌و چاپكردنی كتێب‌و چالاكی جۆراوجۆر‌و بەشداریكردن لە چالاكی لایەنەكانی دیكەی پەیوەست بە ئافرەتانەوە، دیارە ئەم كارانەشمان درێژەپێدەری چالاكیەكانی پێشووی یەكێتی زانایان‌و دەنگی مافخوازانەی مامۆستایانی ئایینیە، كە هەمووی هەڵقوڵاوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە.

 

هەر لە ئەنجامی بڕوابوونمان بە مافی هەموو تاكێك بەتایبەتی مافەكانی ئافرەتان، بەردەوام دەبین لەسەر هەمان رێباز، بەتایبەتی پاراستنی هێمنی خێزان‌و پێدانی رۆڵ بە ئافرەت، پێشمان وایە وڵات بە تەنها بە پیاوان یان ئافرەتان پێشناكەوێت‌و، پێویستە پێكەوە ئەرك‌و مافی خۆیان پێبدرێت‌و، رۆڵی كارای خۆیان ببینن، بە چەوساندنەوە‌و بێمافكردن وڵات بەرەو پاش دەچێت.

 

بۆیە داواكارین ئەم یادانە تەنها بریتی نەبێت لە دروشم‌و بەیاننامە، بەڵكو بكرێتە واقیع‌و بە كردەیی پشتیوانی لە دۆزی ئافرەتان بكرێت، ئەمەش بەوە دەبێت هەموومان یەك دەستانە‌و پێكەوە كاری بۆ بكەین، بە پێچەوانەوە دروستكردنی درز‌و رق‌و كینە‌و وێناكردنی پیاو‌و ئافرەت بە دوو دوژمن‌و نەیار، گەییشتن بە مافەكان بەرەو پاشتر دەبات.

 

دووبارە لە ئەم یادە لە هەموو لایەك پیرۆز بێت.

مەكتەبی تەنفیزی

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

7/3/2013