یەكێتی زانایان سەری ساڵی كوردی پیرۆز دەكات

بەناوی خوای گەورە‌و میهرەبان

بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێی كوردی پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی تاكە تاكەی گەلی كورد دەكەین‌و، دەخوازین ساڵی خۆشی‌و قوڵكردنەوەی برایەتی‌و پێكەوەژیان بێت.

پێویستە لە ساڵی نوێی كوردیدا هەموو لایەك لەسەر ئاستی تاك پابەندبوونی زیاترمان بێت لە پێشەوەبردنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان‌و، هەستكردن بە بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر خاك‌و وڵاتمان‌و، پاراستنی ژینگە‌و، دووركەوتنەوە لە ئەنجامدانی سەرپێچی ئۆتۆمبێل‌و خێرالێخوڕینی‌و، ئازارنەدانی خەڵك.

هەروەك پێویستە پاڵنەرێكی كاریگەر بێت بەسەر حزب‌و لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی كاری زیاتر بكەن بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە‌و خەباتی زیاتر لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی‌و خزمەتكردنی هاووڵاتیان‌و چەسپاندنی عەدالەت‌و یەكسانی زیاتر لە نێو كۆمەڵگەی كوردستان. لە هەمان كاتدا ئەركی هەموو لایەكمانە دەستی هاوكاری‌و پشتیوانی بۆ گەلی كورد لە پارچەكالنی دیكەی كوردستان درێژ بكەین، بە ئومێدی هەڵمژینی هەوای ئازادی‌و گەییشتن بە مافەكانیان.

دووبارە ساڵی نوێتان پیرۆز بێت‌و بە هیوای سەربەرزی‌و خۆشی زیاتر بۆ هەموو لایەك.

 

مەكتەبی تەنفیزی

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

20/3/2013