تیرۆركردنی دكتۆر محەمەد سەعید رەمەزان بۆتی زیانێكی گەورە بوو

رۆژی پێنج شەمە (21/3/2013) لە ناو مزگەوتی ئیمان لە شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا زانای گەورە‌و ناوداری جیهانی ئیسلامی دكتۆر محەمەد سەعید رەمەزان بۆتی كۆچی دوایی كرد، ئەم رووداوە هەموو مرۆڤێكی خاوەن ویژدانی هەژارند، بەتایبەتی بەم شێوە ناشیرینە، كە زانایەكی تەمەن سەرووی (84) ساڵی لە ناو مزگەوت‌و لە كاتی وتاردان‌و وانەگووتنەوە لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری قوتابی‌و هاووڵاتیان، كەسێك خۆی پێیاندا بتەقێنێتەوە‌و، بە دڕندانەترین شێوە كۆتایی بە ژیانی مامۆستا بهێنێت.

 

ئەم كارە بۆ هەموو مرۆڤێك مایەی ئەوپەڕی بێزارییە چونكە هیچ پاساوێك رێگە بە كارێكی لەم شێوەیە نادات، كە مرۆڤێك بگاتە ئەو ئاستەی رێز لەئاین‌و تەمەن‌و عیلم‌و مزگەوت‌و ماڵی خوا نەنێت‌و، رێگە بە خۆی بدات ئەم كەسە بەڕێزە تیرۆر بكات، بێگومان لە دەستدانی ئەم زانا مەزنە خەسارەتێكی زانستی گەورە بوو بۆ هەموو جیهانی ئیسلامی، چونكە زانای ناوبراو خاوەنی چەندین كتێبی نایاب‌و زانستی بوو، هەروەك بەردەوام وتاری نوێ‌و تازەی پێشكەش دەكردن.

 

لە هەمان كاتدا پەلكێشكردنی زانایانی ئایینی بۆ ناو ململانێ‌و كێبڕكێی سیاسی تەسك زیانی گەورەی بۆ سەر كۆمەڵگە‌و بەتایبەتی بۆ سەر مامۆستایانی ئایینی دەگەڕێتەوە.