به‌ڕێوه‌به‌ری مزگه‌وتی(البیت المكرم)له‌ واشنتۆن: له‌ كاره‌ساتی 11ی سێپتێمبه‌ر سه‌دان موسڵمان بوونه‌ قوربانی

دوای ئه‌وه‌ی ده‌نگۆی دروست كردنی مزگه‌وتێك له‌ نزیك هه‌ردوو باڵه‌خانه‌ی بازرگانی جیهانی كه‌ كه‌وتنه‌ به‌ر هێرشه‌كه‌ی 11ی سێپتێمبه‌ری 2001 و بووه‌ جێی ناڕه‌زایی خانه‌واده‌ی قوربانیانی كاره‌ساته‌كه‌، له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ موسڵمانه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كانیش گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن: كه‌ نابێ‌ كاره‌ساته‌كه‌ به‌سه‌ر ئیسلامدا بشكێته‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ رێگری له‌ دروست كردنی مزگه‌وتێك بكرێ‌.


هه‌ر له‌م باره‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری مزگه‌وتی(البیت المكرم) له‌ واشنتۆن، شێخ عبدالهادی احمد له‌ لێدوانێكیدا بۆ پێگه‌ی ئه‌لعه‌ڕه‌بیه‌ نێت گوتی: كارێكی ناڕه‌وایه‌ كه‌ كاره‌ساته‌كه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی ئیسلام‌و موسڵمانان، چونكه‌ ته‌نها كریستیان‌و جوله‌كه‌كان زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بوون له‌ كاره‌ساته‌كه‌، به‌ڵكو زیاتر له‌ 150 موسڵمانیش بوونه‌ قوربانی‌و له‌ نێوانیاندا دوو خزمی نزیكی منیشی تێدابوو، كه‌ كچی برام‌و هاوسه‌ره‌كه‌ی بوون‌و مانگێك بوو ژیانی هاوسه‌ریان پێك هێنابوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندنیش كه‌مته‌رخه‌مبوون له‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕاستیانه‌.


شایانی باسه‌ شێخ عبدالهادی به‌ڕێوه‌به‌ری مزگه‌وتێكه‌ له‌ واشنتۆنی پایته‌خت كه‌ نزیكترین مزگه‌وته‌ له‌ پنتاگۆن‌و كاتی خۆی كڵێسا بووه‌ به‌ڵام ئه‌م 250 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی كڕیویه‌تیه‌وه‌و كردوویه‌تی به‌ مزگه‌وت.