شاندی گەورە زانایانی ئەزهەری شەریف چەندین چالاكی ئەنجام دەدەن

دوای ئەوەی لەسەر بانگهێشتی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان شاندێكی گەورە زانایانی ئەزهەر هاتنە كوردستان، چەندین چالاكیان ئەنجام دا.

كە سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و وەزیری ئەوقاف‌و پارێزگاری هەولێر‌و بارزان و چەندین كەسیایەتی‌و شوێنی شوێنەواری هەولێریان كرد، ئینجا لە یەكەم سمیناریاندا، كە ژماریەكی زۆری مامۆستایانی ئایینی هەولێر‌و دەور‌وبەری ئامادەی بوون، رۆژی پێنج شەمە لە هۆڵی زانایان لە مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان سمینارێكی هاوبەش پێشكەش كرا.

سەرەتای سمینارەكە بەڕێز مەلا عەبدولا‌ مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان وتارێكی پێشكەش كرد، سەرەتا بە ناوی خۆيی‌و مەكتەبی تەنفیزی بەخێرهاتنێكی گەرمی شاندی میوان‌و مامۆستایانی ئایینی هەرێمی كوردستانی كرد، هەر لە وتارەكەیدا تیشكی خستە سەر پەیوەندی نێوان كورد‌و ئەزهەر، كە پەیوەندییەكی كۆنە‌و، چەندان كەسایەتی‌ بەرز‌و زانای گەورەی كورد لە ئەزهەر پێگەییشتوونە‌و، چەندان كەسی ئەزهەریش لە كوردستان بە خاك سپێردراون، هەر لە وتارەكەیدا باسی لە گرنگی پەیامی ئەزهەر كرد، لە بواری وەسەتیەت‌و ئیسلامێكی دروست‌و رەوان بۆ خزمەتی تەواوی مرۆڤایەتی‌و، دووركەوتنەوە لە فیكری تووندڕەوی‌و زێدەڕۆیی.

لە كۆتاییدا هیوای خواست كە هەردوولا سوود لە یەك وەربگرن‌و، بتوانین پەیامی جوانی ئەزهەر لە ژیانی خۆماندا بگەیەنین.

 

دواتر بەڕێز دكتۆر عبد المقصود پاشا پرۆفیسۆری مێژووی ئیسلامی لە زانكۆی ئەزهەر وتارێكی پێشكەش كرد، لە وتارەكەیدا باسی لە مێژووی زانكۆی ئەزهەر‌و پەیوەندی لە گەڵ گەلی كورد كرد، ئینجا باسی لە مێژووی گەلی كورد كرد، كە بە پێی دەقی قورئانی لە سەردەمی نوح پێغەمبەرەوە كوردستان بە خاكی پیرۆز داندراوە، هەروەك باسی لە مێژووی كۆمەڵە زانایەكی كورد كرد لە ئەزهەر.

لە وتارەكەیدا گووتی: بۆیە ئەركی زانایانی ئایینیە، ئەو خاكەی خوای گەورە بە پیرۆزی داناوە، ئەوانیش هەمیشە بە پیرۆزی تەماشای بكەن‌و، بە پیرۆزی رابگرن، كە بۆ جاری دووەم ژیانی مرۆڤایەتی لێرەوە دروست بووە.

هەروەها گووتی: نابێ‌ بە هیچ شێوەیەك رێگە بەخۆمان بدەین خاك‌و وڵاتی خۆمان ناشیرین بكەین.

هەر لە وتارەكەیدا تیشكی خستە سەر تەساموح‌و لێبووردنی ئیسلامی لە بواری فیكر‌و فیقه‌و شەریعەتی ئیسلامی، كە هەموویان لەسەر بنەمای لێبووردن‌و خۆشەویستی‌و پێكەوەژیان بنیات نراون.

لە دواییشدا گووتی: ئەگەر ئەزهەر بیناكەی لە میسر بێت ئەوا كۆڵەكەكانی لێرەن، بۆیە ئەزهەر هەمیشە دەرگای بە رووی كورددا كراوەیە، نە ئەزهەر بێ كورد دەژیت‌و نە كوردیش بێ‌ ئەزهەر.

ئەمە‌و بە چەندین تەوەری دیكە كۆتایی بە سمینارەكەی هێنا.

 

دواتر دكتۆر عەبدولفوزەیل ئەلقوصی ئەندامی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر‌و وەزیری پێشووتری ئەوقافی میسر، وتارێكی پێشكەش كرد، بە درێژی باسی مێژووی ئەزهەر كرد‌و، كە لە هەموو وڵاتانی دونیا قوتابیمان هەیە، بەتایبەتی لە كوردستان هەمیشە‌و ئێستاشی لەگەلدا بێت قوتابیمان هەیە.

ئینجا هاتە سەر مانەوە‌و خۆڕاگری ئەزهەر، كە لەسەر كۆمەڵێك بنەمای مرۆڤیی دامەزراوە، وەك دادپەووەری‌و تەساموح‌و فیكری ئیسلامی، بۆیە ئەوانەی لە ئەزهەر دەردەچن باشترین كادیری زانستی‌و میانڕەوانەن. هیواشی خواست لە كوردستان گەورە زانایێك بببَتە نوێنەری ئەزهەر.

دواتر مامۆستایانی ئایینی كوردستان بە موداخەلە‌و پرسيارو سەرنجەكانیان سمینارەكەیان دەوڵەمەندتر كرد.

ئەمە‌و ئەم سمینارانە ماوەی دوو كاتژمێر خایاند‌و چەندین تەوەری گرنگ خرانە بەر باس‌و قسە لێكردن. سمنارةكة بووە جێگەی خۆشحاڵی مامۆستایانی ئایینی كوردستان‌‌و دەستخۆشیان لە یەكێتی زانایان كرد بۆ ئەم كارانە‌و هیوای بەردەوامیان خواست.

شایانی باسە دواتر شاندەكە سەردانی دهۆكیان كرد‌و، لەوێشەوە سمینارێكی هاوبەشیان بۆ مامۆستایانی ئایینی دهۆك‌و دەوروبەری ساز كرد لە لقی دهۆكی زانایان‌و، بڕیارە بچنە سلێمانی‌و هەمان چالاكی ئەنجام بدەن‌و، پاشتر سەردانی هەڵەبجە‌و چەند شوێنێكی دیكە بكەن..