پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە شاندێكی زانایانی ئەزهەر دەكات

پشتی ئەوەی لەسەر داوای یەكێتی زانایان شاندێكی گەورە زانایانی ئەزهەر سەردانی كوردستانیان كرد. نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگادا پێشوازیكرد لە شاندێكی زاناو مامۆستایانی زانكۆی ئەزهەری میسری، كە بریتی بوون لە د. محەمەد عەبدولفەزیل ئەلقوصی ئەندامی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر و د . ئوسامە یاسین یاریدەری شێخی ئەزهەر بۆ كاروباری دەرچووان و د . عەبدولمەقسود پاشا ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری ئیسلامی و شاندی یاوەریان   .

لەدیدارەكەدا كە هەریەك لە مەلا عەبدولا سەعید گرتكی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان و د . دیار عەزەدین بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای هەولێر ئامادەی بوون ، باس لە رەوشی عێراق و هەرێمی كوردستان و پەیوەندی دۆستایەتی و هاریكاری نێوان هەرێمی كوردستان و میسر كراو ،  بەتایبەتیش ئەو پەیوەندی و هەماهەنگییانەی نێوان ئەزهەری شەریف و دامەزراوەكانی ئەوقاف و یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلام لە كوردستان تاوتوێكران و ، هەولەكانی هەردوولا بەئاراستەی قوولتركردنەوەی ئەو پەیوەندییانە بەرز نرخێنران .

شاندی میوان خۆشحالی خۆیان لەهەمبەر ئەو پێشكەوتن و سەقامگیری و پێكەوەژیانی برایانەی نەتەوەو ئایینزاكانی كوردستان و ئەو بایەخدانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە شوێنە ئایینییەكان و رەوشی خواپەرستی بە گشتی دەربری و ، بە نمونەی سەركەوتووی ئەزموونی تازەی عێراق و سەقامگیری ناوچەكەیان دانا .