مامۆستایێكی ئەزهەر: تا بە چاوی خۆم نەدیت نەمزانی تاوانی هەڵەبجە ئەوەندە گەورەیە

لە میانەی چالاكیەكانی گەورە زانایانی ئەزهەری شەریف، كە بە میوانداری یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بۆ ماوەی هەفتەیەكە لە كوردستانن، رۆژی 1/4/2013 سەردانی شاری هەڵەبجەیان كرد‌و، لەلایەن ژمارەیەكی زۆری زانایان‌و مامۆستایانی ئایینی سنووری هەڵبەجە‌و ناوچەی هەڵەبجە‌و لقی شارەزوور لە دەروازەی شار بە گەرمی بەخێرهانیان كردن.

 

ئینجا سەردانی گۆڕستانی مینومێنتی هەڵەجەیان كرد‌و، لەلایەن قائیمقامی هەڵەبجە‌و سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە‌و بەڕێوەبەری شەهیدانی هەڵەبجە‌و بەرپرسی كۆمەڵەی قوربانیانی هلەَەبجە پێشوازییان لێكرا.

 

ئینجا سەردانی گۆڕستانی شەهیدانیان كرد‌و، شاندی میوان چەند پەیڤێكیان دەربارەی ئەم تاوانە مەزنەی دژی گەلی كورد كرد.

 

دكتۆر موحەمەد ئەفوزەیل ئەلقوصی گووتی: ناتوانم خۆم رابگرم لەبەردەم ئەم كارەساتە گەورەیە، ئەم تاوانە گەورەترین تاوانە حكومەتێك لەگەڵ گەلەكەی خۆی كردبێت.

 

دكتۆر عەبدولمەقصود پاشا گووتی: تاوانێكی ئەوها گەورەم نەبینیوە، پێشتر زۆر شتم لەسەر هەڵەبجە خوێندبووەوە، بەڵام گەورەیی كارەساتەكەم نەزانی تا خۆم سەردانم نەكرد‌و، بە چاوی خۆم شوێنەوارەكەییم دیت.

 

هەروەها هەردووكیان‌و شاندەكە بەڵێنیاندا بە وردی گەورەیی ئەم تاوانەی دژ بە كورد بۆ ئەزهەر‌و زانایانی ئەزهەر باس بگەینن.

 

شایانی باسە میوانەكان لە ناو گۆڕستانی هەڵەبجە كەوتنە گریان‌و فرمێسك باراندن‌و، یەكێكیان خەریك بوو بوورێتەوە، بۆیە چووە دەرەوە. 

 

لەلایی خۆیەوە مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی زانایان سوپاسێكی گەرمی مامۆستایان‌و یەكە ئیداری‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی شاری هەڵەبجەی كرد، كە بە جوانترین شێوە دەتوانن پەیامی هەڵەبجە بگەیەننە میوانەكان‌و، هەموو لایەك شانازیان دەبێ پێوە بكات.