یەكێتی زانایان سوپاسنامەیەك ئاراستەی ناوەندی مەلیك فەهد بۆ وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز دەكات

لە نامەیەكدا مەلا عەبدولا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان بە ناوی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان سوپاس‌و پێزانینی خۆی ئاراستەی دكتۆر محەمەد سالم ئەعلەوفی ئەمینداری گشتی ناوەندی مەلیك فەهد بۆ چاپكردنی قورئانی پیرۆز لە شاری مەدینە بەب ۆنەی هەڵستانیان بە چاپكردنی وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز بۆ سەر زمانی كوردی‌و دابەشكردنی بەسەر حاجی‌و عومرەكارانی كوردستان.

 

لە نامەكەدا هاتووە: خۆم بە بەختەوەر دەزانم بە ناوی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان سوپاس‌و پێزانینی خۆمان ئاراستەی ناوەندی مەلیك فەهد بۆ چاپكردنی قورئانی پیرۆز لە شاری مەدینە سەر بە وەزارەتی كاروباری ئیسلامی‌و ئەوقاف‌و بانگەواز‌و ئیرشاد بكەین، كە هەڵدەستن بە چاپكردنی قورئانی پیرۆز بە زمانە جیاوازەكان‌و بە بێ‌ بەرامبەر بەسەر موسڵمانانی دابەش دەكەن.

 

زیاتر دڵمان خۆش بوو كاتێك بینیمان قورئانی پیرۆز بە زمانی كوردی چاپ كراوە‌و، لەم دواییانە بەسەر حاجی‌و عومرەكارانی كورد دابەش كراوە، كە بە شێوەیەكی زۆر جوان چاپ كراوە‌و، ئەم هەوڵە خێرخوازییە مەزنە بەرز دەنرخێنین‌و، ئەمە خەڵاتێكی گەورەیە پێشكەشی گەلی كوردی موسڵمان دەكرێت، ئەو گەلەی سەرباری هەموو ئەو رەوشە دژوار‌و ناهەمووارانەی بەسەریدا هاتن دەستی بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە گرت، خوای گەورە پاداشتی بەخێرتان بداتەوە.

 

لە كۆتاییدا لە خوای گەورە داواكارین سعوودیە وڵاتی هەردوو حەرەمی پیرۆز‌و تەواوی وڵاتانی موسڵمانان لە دەست فیتنە‌و ناسۆرى‌و ناخۆشییەكان بپارێزیت‌و، ئاشتی‌و ئاسایش‌و برایەتی‌و هاریكاری لەسەر خێر‌و چاكە لە نێو تەواوی موسڵمانان گشتگیر بكات.