لێژنەی فەتوای كەركوك: فەتواكەی پرسە تایبەت بووە بە كەركوك

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە، كە لێژنەی فەتوای كەركوك فەتوای داوە پرسە حەرامە‌و بۆ هیچ كەسێك دروست نییە، هەواڵەكە بە گشتگیری‌و سەرتاسەری تەفسیر كرایەوە، تا دەنگدادنەوەی لە ناو هاووڵاتیان‌و راگەیاندنەكان بەرز بوویەوە‌و، چەندین كاردانەوەی لێوە دروست بوو.

 

لەم بارەوە مەلا ئازاد كەركوكی بەرپرسی لقی كەركوكی زانایان لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی زانایان گووتی: ئەوەی لە راگەیاندنەكان بڵاوكرایەوە سەبارەت بەم فەتوایە جۆرە لێك تێنەگەییشتنێك هەبوو، چونكە فەتواكە گشتی‌و سەرتاسەری نەبوو، بەڵكو تایبەت بوو بە شاری كەركوك‌و قۆناغی ئێستاكەی، چونكە فەتوای سەرتاسەری لە رێگەی لێژنەی باڵای فەتوای كوردستانەوە بڵاودەكرێتەوە، بەڵام ئەم فەتوایەی لێژنەی فەتوای لقی كەركوك تایبەت بووە بە شاری كەركوك، پوختەی فەتواكەش ئەوەیە: كەركوك بار‌ودۆخێكی تایبەتی هەیە‌و، هێشتا بە تەواوی لە رووی ئەمن‌و ئاساییشەوە یەكلایی نەبۆتەوە، هەر كاتێك لە شوێنێك پرسەیەك دابندرێت، پۆلیس دەكەوێتە ئامادە باشییەوە، لە ترسی تەقینەوە چەند كۆڵانێك دەگیرێن، لەگەڵ هەموو ئەمانەش هێشتا نەتواندراوە رێگە لە تەقاندنەوە بگیرێت، بۆیە لەو حاڵەتەی، كە مرۆڤ لە گیانی خۆی بترسێت‌و، مەترسی كاری ناخۆش هەبێت، بەتایبەتی هەندێك بەرپرس هەمیشە خەڵكێك هەوڵی تیرۆركردنیان دەدات، بۆیە لەو حاڵەتەدا پاراستنی گیانی مرۆڤی زیندوو لە پێشەوەی دانانی پرسەیە‌و، مامۆستایانی كەركوكیش دوای كۆبوونەوەی ستافی فەتوای كەركوك‌و ستافی لق جەغتیان لەسەر هەمان شت كردووە.

 

سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە لە راگەیاندنەكان مامۆستا ئازاد پێی وابوو راگەیاندنەكان ویستوویانە هەواڵە بگەیەنن، ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام هەڵە حاڵیبوونەكە لەوەدا بووە، كە شتێكی تایبەت بە كەركوك‌و زروفێكی تایبەتیان گشتگیر كردووە.