گەورەترین مزگەوت لە ئامەد دروست دەكرێت

جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند حكومەتی توركیا گەورەترین مزگەوت لەسەر ئاستی توركیا لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان دروست دەكات.

 

بەكر بۆزداگ ، جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا لە وەڵامی ئالتان تان، پەرلەمانتاری كوردی شاری ئامەد، ئاماژەی بە چەندین زانیاریدا لە بارەی رەوشی ئاینی لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان.

 

ئاڵتان تان، ماوەیەك لەمەوبەر لەبارەی ژمارەی مزگەوت و مەلاكانی شاری ئامەد، پرسیارێكی ئاراستەی جێگری سەرۆكی حكومەت كردبوو. لەبەرامبەریشدا بەكر بۆزداگ بەناوی حكومەتەوە وەڵامی پرسیارەكەی ئالتان تانی دایەوە.

 

بەكر بۆزداگ گوتبووی لە شاری ئامەد 1623 مەلا هەن، كە بڕوانامەی پێشنوێژییان وەرگرتووە، هەروەها 194 مەلا و 24 كارمەندی دیكە لە شاری ئامەد سەرقاڵی راپەڕاندنی كاروباری ئاینین لەو شارەدا.

 

بۆزداگ لە وەڵامی ئەو پەرلەمانتارە كوردەدا لەبارەی ژمارەی مزگەوتەكانی شاری ئامەد گوتی “بەپێی زانیارییەكانم 1940 مزگەوتی گەورە و بچووك لەو شارەدا هەن”. هەروەها ئاشكرای كرد، كە حكومەت بڕیاریداوە گەورەترین مزگەوت لەسەر ئاستی توركیا لە گۆڕەپانی تۆپی پێی ئامەد دروست بكرێت .

 

زۆربەی كوردانی باكووری كوردستان پابەندن بە ئاینی ئیسلام و زۆربەشیان سوننە مەزهەبن و پەیڕەوی مەزهەبی ئیمامی شافیعی دەكەن.

رووداو - ئامەد