ئەنجومەنی ناوەندی زانایان: داوا لە هاووڵاتیان دەكات بەشداری هەڵبژاردن بكەن

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەمە (16/4/2013) ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان چەندین تەوەریان خستە ژێر باس‌و گفتوگۆكردن، یەكێك لەو خاڵانەی بە وردی قسەیان لێوە كرد مەسەلەی هەڵبژاردنەكانی عێراقە، كە بەشێكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش دەگرێتەوە.

 

یەكێتی زانایان داوای لە مامۆستایانی ئایینی كرد هاووڵاتیانی ئەم ناوچانە هان بدەن بۆ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردنەكان لەم ناوچانە بكەن‌و دەنگی خۆیان نەمرێنن، بەتایبەتی ئەم قۆناغەی ئەم ناوچانەی پێدا تێپەر دەبێت پێویستی بە هیممەتی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و رۆشنبیری هەیە، دیارە دەنگی هاووڵاتیانیش بەهێزترین‌و گەورەترین پشتیوان‌و پاڵپشتە بۆ ئەوەی مافە زەوتكراوەكان وەدەست بهێنەوە‌و، ئەو پەراوێزخستنەی چەندین ساڵە بەسەر كوردانی ئەم ناوچانە هاتووە لابدرێت‌و، جارێكی دیكە مێژووی رەشمان بەسەردا دوووبارە نەبێتەوە.

 

بۆیە بەشداریكردن لە هەڵبژاردن ئەركێكی نیشتیمانی‌و ئایینی‌و مرۆیی‌و كۆمەڵایەتییە.