بەسەرپەرشتی بەرپرسی لقی هەولێری یەكێتی زانایان لێژنەی فەتوای هەولێر كۆدەبێتەوە .

ڕاگەیاندنی لقی هەولێر: مەعروف مەلا عولا روستایی

 

بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی كاروبارەكانی لێژنەی فەتوای هەولێڕ سەر لە بەیانی 18/4/2013 شێخ نیاز راغب دێگەیی بەرپرسی لقی هەولێڕی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، لەگەڵ بەرپرس‌و سەرجەم ئەندامانی لێژنەی فەتوا كۆبوویەوە.

 

لە كۆبوونەوەكەدا بەرپرسی لق تیشكی خستە سەر چەند تەوەرێكی گرنگ لە بواری فەتوادان، وزیاتر هەوڵدان بۆ تۆكمەتر كردنی كاروبارەكانی لێژنەی فەتوای هەولێڕ‌و هەڵوەستە كردن لە سەر ئەو بابەت‌و مەسەلە گرنگانەی پەیوەستن بە ژیانی كۆمەڵایەتی‌و ئابوری‌و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان بە ئامانجی ئەوەی خەڵك زیاتر هەست بە ئاسودەیی‌و، زاڵ بوون بە سەر كێشەكانیانەوە بكەن لە سایەی فەتوای شەرعی .

 

لە كۆبوونەوەكە سەرۆك‌و، ئەندامانی لێژنەی فەتوا ڕاو سەرنجی خۆیان خستە ڕوو سەبارەت بە جۆری كێشەكان‌و، چۆنیەتی چارەسەركردنیان لە ڕوانگەی شەریعەتی ئیسلام‌و سەرچاوەكانی .

 

شایەنی باسە لێژنەی فەتوای هەولێر هەموو ڕۆژانی دووشەممە‌و پێنج شەممە لە مزگەوتی صوافی شاری هەولێر بەفەرمی پێشوازی لە هاوڵاتیان دەكات بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە‌و گیروگرفتەكانیان لە سەرجەم بوارەكانی ژیان .