رێكخراوی خوشكانی ئیسلامی كوردستان سەردانی مە كتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان دەكات

 

سەر لە بەیانی  ڕۆژی 5/5/2013  ڕێكخراوی خوشكانی كوردستان سەردانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانیان كرد‌و لە لایەن مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایان و مامۆستا مەلا دڵشاد گەڵاڵی  پێشوازیان لێكرا.

 

ئەمەو لە دیدارێكدا مامۆستا مەلا جەلال بەخێرهاتنی شاندی میوانی كردو،  ئاماژەی  بە پێویستی  بوونی دیداری لەو جۆرە لەگەلً رێكخراوی خوشكانی ئیسلامی  و تەواوی ڕێكخراوەكانی تری كۆَمەڵگەی مەدەنی كرد، ئەمەش بۆ ژیانمان‌و بۆ دینمان زۆر بە پێویست دەزانین كە خوشكان لەگەڵمان بەژداربن بەتایبەت ئێوە وەك رێكخراوی خوشكانی ئیسلامی، بەوەی هەردوولا بە دیدێكی ئاینی خزمەت بە دین و نیشتمان دەكەین‌و، ئێمەش وەك یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی ئامادەین بۆ تەواوی هاوكاری و هەماهەنگی بەمەستی دەستەبەر كردنی تەواوی مافەكانی خوشكانمان‌و، پێشمان وایە تەواوی مافەكانی ئافرت لە ئاینی ئیسلام بەرجەستە ئەبێ‌.

 

دواتر خاتو ئاڤان احمد ئەندامی پێشووی پەڕلەمانی عیراق لە وتە یەكیدا بەناوی ڕێكخراوی خوشكانی ئیسلامی كوردستان ڕۆڵی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردسانی گرنگ نرخاند بەوەی هەردەم هاوكاری رێكخراوەكەیان بووینە بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەت، داوای كرد ئافرەت ڕۆڵی راستەوخۆی هەبێت لە نێو یەكێتی زانایان بەتایبەتی لە بواری فەتوا‌و پرسە تایبەتەكانی ئافرەتان.

 

ئەمەو شاندی میوان داوایان كرد  ئەو خوشكانەی دەرچووی كۆلیژ و پەیمانگا ئیسلامیەكانن دابمەزرێن لە وەزارەتی ئەوقاف‌و كاروباری ئاینی وەك مورشیدی رێگە پێدراو.

 

دواتر مامۆستا مەلا جەلال تەواوی هاوكاری یەكێتی زانایانی پێ‌ ڕاگەیاندن، ئاماژەی بەوە كرد كە لە كۆنگرەی داهاتووی یە كێتی زانایان كار لەسەر بەژداری پێكردنی خوشكانمان دەكەین لە نێو یە كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان تا بتوانن شان بەشانی مامۆستایانی ئاینی خرمەتی زیاتر بە ئاین و نیشتمان بكەن.

 

ئەمەو شاندی میوان پێك هاتبوون لە بەڕێزان ئاڤان ئەحمد ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و نەجیبە لەتیف احمد سكرتێری رێكخراوی خوشكانی كوردستان و مرواری محمد علی بەر پرسی پەیوەندیەكانی رێكخراوی خوشكانی ئیسلامی كوردستان و خانزاد خان ئەندامی لقی هەولێری رێكخراوی خوشكان.

 

هەر لە یەك لە مەلا تەیب زیارەتی بەڕێوەبەری رادیۆی زانایان‌و مەلا دیندار باڵەكی ئەندامی ستافی راگەیاندن ئامادەی دانیشتنەكە بوون.