لە ژێر دروشمی (لە پێناو ئاین‌و نیشتمان) لقی هەولێری زانایان كۆبوونەوەیەكی بۆ وتارخوێنانی شاری هەولێر ساز كرد

راگەیاندنی لقی هەولێر: مەعروف مەلاعەوڵا رۆستایی

 

بەمەبەستی یەكخستنی هەڵوێستە ئاینی‌و نیشتمانیەكانیان‌و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی‌و ڕوحی كاركردنی دەستە جەمعی زانایانی ئاینی ئیسلامی لە ژێر دروشمی (لە پێناو ئاین‌و لە پێناو نیشتمان) ئەمرۆ 18/5/2013 لقی هەولێری یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان كۆبوونەویەكی فراوانی ساز كرد لەگەڵ سەرجەم پێش نوێژو وتارخوێنانی ناوشاری هەولێر لە هاوینە هەواری گۆڕەشێری- شقلاوە.

 

سەرەتای كۆبوونەوەكە بە چەند ئایەتێك لە قورئانی پیڕۆز دەستی پێكرد .

 

پاشان شێخ نیاز راغب دێگەیی بەرپرسی لقی هەولێری یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان دوای بەخێر هێنانی ئامادەبوان بە وردی تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئێستای عێراق‌و هەرێمی كوردستان‌و پێویستی یەكهەڵوێستی‌و یەكدەنگی زانایان لە پێناو خزمەتگەیاندنی زیاتر بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام‌و بەرەو پێشبردنی زیاتری ڕۆحی برایەتی‌و نیشتمانپەروەری لە ناو كۆمەڵگەی كوردەواری.

 

پاشان مامۆستا مەلا عبدالله مەلا سعید گرتكی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لە وتەیەكیدا دوای دەستخۆشی كردنی لە لقی هەولێری یەكێتی زانایان بۆ سازدانی ئەو كۆبوونەویە بەشێوەیەكی چڕ‌وپر باسی لە قۆناغی ئێستای هەرێمی كوردستان‌و پێویستی هەلومەرجی ئێستای نەتەوەییمان بە هەوڵ‌و كۆششی زانایانی ئاینی ئیسلام‌و هیوای خواست ئەم قوناغەی ئێستاش زۆر بە جدی خزمەت بكەن.

 

شایەنی باسە هەر بەم بۆنەشەوە نیوەڕۆ خوانێك لەلایەن لقی هەولێری یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان بۆ ئامادەبوان لە كەش‌و هەوایێكی بەهاری ساز كرا.