سەرۆكی ناوەندی جیهانی هاشمی بنەمالەكانی ئالئەلبەیت سەردانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان دەكات

سەر لە بەیانی ئە مرۆ 20/5/2013  سەید وەلید جەبر ئەلشدە ئەلمیعماری سەرۆكی ناوەندی جیهانی بنەماڵەكانی ئال ئەلبەیت سەردانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانی كرد‌و، لە لایەن مامۆستا مەلا عبدالله سەرۆكی یەكێتی زانایان بە گەرمی پێشوازیان لێكرا.

 

لە دیدارێكی هاوبەشدا مامۆستا مەلا عبدالله سەرۆكی یەكێتی زانایان بەخێرهاتنی بەرێزیانی كرد، دواتر لە وتەیەكیدا خۆشحاڵی خۆی پێ ڕاگەیاندن بە بوونی ئەم جۆرە دیدارانە بە مەبەستی زیاتر گرنگیدان بە پەیوەندی نێوان یەكێتی زانایان و ناوەندی جیهانی هاشمی تا بتوانرێت لەم ڕیگایەوە زیاتر خزمەتی بیری میانڕەوانەی ئیستای جیهانی ئیسلامی بكرێت، كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان یەكێتی زانایان ڕۆڵی گرنگی گێراوە بۆ بڕەودان بە پەروەردەكردنی تاكی كورد، كە خۆشەویستی دین و نیشتمانی لە ناخ بڕوێت ئەمەش لە ڕێی وتاری حەكیمانەی زانایانی كورد بووە. 

 

دواتر سەید وەلید جەبر ئەلشدە ئەلمیعماری سەرۆكی ناوەندی جیهانی هاشمی  بنەماڵەكانی ئال ئەلبەیت  سوپاسی سەرۆكی زانایانی كرد لەو پێشوازیە گەرمەی كە لێیانی كرد‌و، رۆلی گرنگی یەكێتی زانایانی بەرز نرخاند لە خزمەتكردنی بیری میانڕەوانەی ئاینی ئیسلامی و پەروەردەكردنی تاكی كوردی لەم بوارەدا. هەروەها لە میانەی دیدارەكەدا رۆلی گرنگی تەسەوف بەرز نرخێندرا  لە بڵاوكردنەوەی لێبوردەیی و برایەتی لە نێو گشت پێكهاتەكانی كۆمەڵگە.

 

هەر لەبەر رۆڵی دیاریان، ناوەندەكە خەڵاتی رێزلێنانی بە سەرۆكی زانایان بەخشی‌و، رۆڵی دیاریانی بەرز نرخاند بەتایبەتی لەسەر ئاستی ئێراق.