یەكێتی زانایان وەڵامی بەرنامەكەی ئێن ئار تی دەداتەوە

شەوی رابردوو (27/5/2013) كەناڵی ئاسمانی ئێن ئار تی لە بەرنامەی (دوو جار بیر بكەوە) دوو مامۆستایانی ئایینی بانگهێشت كردبوو بۆ قسەكردن لەسەر وتاری مامۆستایانی ئایینی.

لە میانەی وتارەكەدا چەند جارێك دەستی كەمتەرخەمی بۆ یەكێتی زانایان ‌و وەزارەتی ئەوقاف درێژ كرا گوایە هەوڵی نەداوە خولی بەهێزكردن بۆ مامۆستایانی ئایینی لە ناوەوە‌و دەرەوە بكاتەوە.

لەم بارەوە مامۆستا مەلا عەتا پێنجوێنی جێگری بەرپرسی لقی سلێمانی زانایان لە لێدوانێكی تایبەتی سایتی زانایان روونی كردەوە، كە كەناڵەكە مامۆستا مەلا ئیبراهیمی بۆ بابەتێكی دیكە بانگهێشت كردبوو، تا وەكو مامۆستایەكی ئایینی قسە بكات، نەك وەك یەكێتی زانایان، بەڵام دوای بەشداریكردن بابەتەكەیان گۆڕی، مامۆستاش تەنها گوزارشتی لە رای خۆی كردووە، نەك لە یەكێتی زانایان.

مامۆستا عەتا زیاتر گووتی: دەستخۆشی لە هەموو راگەیاندنەكان دەكەین بۆ هاوكاریكردنمان، بەڵام جگە لەو كەسەی بە رەسمی یەكێتی زانایان بینێرێت كەسی دیكە تەعبیر لە یەكێتی زانایان ناكات‌و، داواش لە مامۆستایانمان دەكەین خۆیان بپارێزن لەوەی بە ناوی یەكێتی زانایان قسە بكەن.

شایانی باسە یەكێتی زانایان لە دوای كۆنگرەی پێنجەمییەوە هەوڵی داوە زۆرترین كاریگەری هەبێت بۆ ئاراستەكردنی وتاری ئایینی بە ئاراستەی پەروەردە‌و پێگەیاندن‌و خزمەتكردنی كۆمەڵگە‌و ئایین‌و وڵات، بۆ ئەمەش وێڕای كاری بەردەوامی لە رێگەی راگەیاندنەكانی خۆیەوە، بەتایبەتی گۆڤاری (پەیامی زانایان)‌و رادیۆی زانایان‌و چاپكردنی كتێب، هەروەها چەندەها خولیشمان لە ناوەخۆی كوردستان كردۆتەوە، هەروەك تا ئێستا سێ‌ خولی گەورەمان لە ئەزهەر كردۆتەوە، كە شێخی ئەزهەر‌و مامۆستا هەرە بەرزەكانی ئەزهەر بەشداریان تێدا كردووە، لەسەر ئەوە سوپاسی حكومەتی هەرێم دەكەین بۆ هاوكاریكردنی، مامۆستا مەلا ئیبراهیم كە میوانی بەرنامە بوو، خۆی بەشداری خولێكی ئەزهەری كردووە، هەروەك چەندین خولی دیكەمان كردۆتەوە، تێیدا مامۆستایانی لێهاتوو لە كوردستان‌و میسر‌و ئۆردەن‌و یەمەن بەشداریان تێدا كردووە، مامۆستایانیشمان لە زاخۆوە تا خانەقین بەشداری كردووە، هیوادارین حكومەتی هەرێم هاوكاری زیاترمان بكات بۆ ئەم خولانە، هەروەك لەسەر پێشنيازی سەرۆكی یەكێتی زانایان بۆ یەكەمجار زانایەكی كورد (دكتۆر مستەفا زەڵمی) لەلایەن ئەزهەرەوە خەڵات دەكرێت، ئەمەش وەك هاندان بۆ ئەوەی مامۆستایان هەمیشە بە ئاراستەی زانست‌و پەرەوەردە‌و پێگەیاندن بڕۆن.

سەرباری كردنەوەی چەندین سمینار‌و كۆنفرانس لەسەر ئاستی بەرز‌و باڵاوە، وەزارەتی ئەوقافیش پێمان وایە لە هەموو وەزارەتەكان زياتر خولی رۆشنبیری‌و پێگەیاندنی كردۆتەوە.

سەبارەت بە گرتنی مامۆستایانی ئایینیش، كە خۆشبەختانە ئەم كارانە نەماون، هەر مامۆستایەك گیرا بێت، ئێمە هەوڵی جددیمان داوە بۆ ئازادكردنی، هەروەك بەشی سەرەكیش بووینە لە ئازادكردنی، لە هەمان كاتدا رەخنەشمان لە هەندێك لە مامۆستایانی ئایینی هەبووە، كە كەوتوونەتە ژێر كاریگەری سیاسی‌و، پیشەی دروستی خۆیان لە مزگەوت تێكەڵ كردووە، لەمەش تەنها مەبەستمان ئەوە بووە، پەیامی مزگەوت هەمیشە خزمەتكاری هەموو لایەك‌و هەموو مرۆڤێك بێت‌و، هەموو خەڵكێك خۆی تێدا ببینێتەوە.

دواهەوڵیشمان زیادكردنی مووچەی مامۆستایانی ئایینی بوو، كە لێرەوە سوپاسی حكومەتی هەرێم‌و هەموو لایەنە جیاوازەكان دەكەین بۆ پشتگیریكردنمان.

سەبارەت بە لێپێچینەوە لە مامۆستایانی ئایینیش، ئەوە بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین، كە ئێمە رێكخراوێكی پیشەیین، كارمان لێپێچینەوە نییە، بەڵكو لەگەڵ مامۆستایانمان دەتوانین راگۆڕینەوە بكەین، بۆ ئەوەی كەم‌و كورتیەكانی یەك بخەینە بەر باس‌و قسەلێكردنەوە، بەڵام ئەم كارانە هیچ كات مانای ئەوە نییە، كە مامۆستایانی ئایینی خەریكی كاری خراپ‌و تووند‌و تیژی بن تا هەندە قسە لەسەر لێپێچینەوەیان بكرێت، بەڵكو ئەوان زیاتر كاری جوان‌و پیرۆزیان هەیە‌و، رێژەی ئەوانەش كە كەم‌وكوڕی لە قسەكانیان هەیە، ئەوەندە كەمە ناكرێ‌ بەم شێوە گشتگیرە باسیان لێوە بكرێت.

بۆیە پێویستە بانگهێشتی كەسانێك بكەن، كە شارەزایی لە كارەكانی یەكێتی زانایان هەبێت.

وێڕای دەستخۆشیمان لە كەناڵەكە‌و هەموو ئەوانەی باس لە كار‌و چالاكیەكانی زانایان دەكەن، خۆزی تەنها چاوتان بە چالاكیەكانی یەكێتی زانایان دەخشاند، بۆتان دەردەكەوت، كە چەندە هەوڵی لەم جۆرەمان داوە،