ناوچەی چۆمانی یەكێتی زانایان سیمینارێك لەسەر ئەكتیڤ كردنی رۆڵی وتاری هەینی ساز دەكات

 

رۆژی 29/5/2013 لە هۆڵی مزگەوتی گەورەی چۆمان، بەمەبەستی بایەخدانی زیاتر بە وتاری هەینی‌و بەرچاوو ڕوونی پتری وتاربێژانی دەڤەری باڵەكایەتی، ناوچەی چۆمانی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ (سەنتەری زانایان بۆ چالاكی ئایینی) سیمینارێكی تایبەتی لەژێر ناونیشانی (ئەكتیف كردنی رۆڵی وتاری هەینی‌و كاریگەریەكانی) بۆ بەرێز (مامۆستا محمود گەڵاڵی) بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاوو لە وتاربێژان ساز كرد.

 

سەرەتای سیمینارەكە مەلا عەبدوڵڵا شێركاوەیی بەرپرسی ناوچە وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی ئامادەبووان، ئاماژەی بە گرنگی سازدانی ئەو جۆرە سیمینارانە كردو تیشكی خستە سەر هەستیاری گوتاری ئیسلامی لەو قۆناغەدا‌و ئەركی مامۆستایانی ئایینی لەبەرامبەر مینبەرو وتاری هەینیەوە.

 

دواتر بابەتی سیمینارەكە لەلایەن بەرێز مامۆستا مەلا محمود گەڵاڵیەوە پێشكەش كرا، كە كۆمەڵێك خاڵی گرنگ‌و زیندووی لەخۆ گرتبوو سەبارەت بە شێوازی وتاری هەینی‌و چۆنیەتی ئەكتیڤ كردنی رۆڵی ئەو وتارە لە خزمەت پەیامی ئیسلام‌و كۆمەڵگەدا.

 

لە بەشێكی قسەكانی جەختی لەوە كردەوە، كە پێویستە وتاری هەینی وتارێكی زیندوو بێت‌و ئەركە ئەو خاڵانە لەخۆ بگرێت، لە رەچاوكردنیان لە كاتی وتاردان پێویستە لەوانە:

 

_ لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی مزگەوت‌و مینبەرو خەڵكی ئامادەبووی ناو مزگەوت.

_ گێڕانەوەی رۆحی ئیمانی‌و ئەخلاقیانەی پەیامی ئیسلام بۆ ناخی جەماوەر.

_ رێزگرتن لەو خەڵكەی لەوتار ئامادە دەبێت‌و خۆ پاراستن لە تەشهیرو قسەی نابەجێ‌.

_ وتار لایەنێكی هاوكار بێت لە ناو پرۆسەی ئیداری‌و هەستی نیشتمانی‌و پرسە نەتەوەییەكان.

_ دوور بوون لە توندو تیژی‌و تەفسیری جوزئی بۆ ئیسلام.

_ رەچاو كردنی هەست‌و نەست‌و فكرو تێڕوانینی خەڵكی ئامادەبوو.

_ خۆ دروو گرتن لە فەتوا‌و مەسەلە خیلافیەكان‌و ئەو شتانەی لەسەر مینبەر دەرفەتی باسكردنیان نیە.

_ هەوڵدان بۆ دیار كردنی ئامانجەكانی هەر وتارێك بۆ ئامادەبووان.

_ بەستنەوەی بابەتەكان بە رۆژگارو رەچاوكردنی ئاسایشی نەتەویی‌و نیشتمانی.

_ هەبوونی نیەت پاكی‌و ئیخلاص‌و تەقوا‌و هەستی خۆشەویستی دین‌و دڵسۆزبوون بۆ ئیسلام.

ئەمانە‌و چەندین خاڵی تری گرنگ‌و واقعی لەمەڕ وتاری هەینی خستە روو، دوای تەواو بوونی بابەتەكەش لە لایەن ئامادەبووانەوە بە پرسیارو سەرنج‌و پێشنیارەوە سیمینارەكە دەوڵەمەندتر كرا.