سەرۆكی حكومەت: پێویستە زانایانی ئایینی بەِرێز رۆڵی كارا بگێڕن لە بواری ژینگەدا

ئەمڕۆ چوارشەمە (5/6/2013) بەڕێز مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بەشداری كرد لە یەكەمین كۆنفرانسی ژینگەیی، كە لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵا لە هەولێر‌و بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسترا‌و، بڕیارە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت.

لە سەرەتای سمینارەكەدا حاكم سەمەد سەرۆكی دەستەی پاراستن‌و چاككردنی ژینگە وتاری بەخێرهاتنی خوێندنەوە‌و، لە وتارەكەیدا رۆڵی زانایانی ئایینی لە بواری ژینگەپارێزی بەرز نرخاند‌و، دەستخۆشی لێیان كرد‌و، یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانی بە پشتیوان‌و هاوبەشێكی سەرەكی ژینگەرپارێزی‌و وشیاری ژینگەیی لە كوردستان لە قەڵەم دا.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەش كرد‌و، لە وتارەكەیدا باسی لە گرنگی ژینگە‌و پێویستی وشیاركردنەوەی ژینگەپارێزی كرد.

دەربارەی وتاری هەینی‌و مامۆستایانى ئایینی گووتی: پیاوان‌و زانایانی ئایینی بەڕێز پێویستە رۆڵی كارایان بگێڕن بۆ فەرهەنگی پاراستنی ژینگە‌و بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست‌و كوردستانێكی پاك بەرهەم دێنێت.

هەر وەها هەر لە وتارەكەیدا رۆڵی راگەیاندنەكان‌و مامۆستایانی ئایینی بەرز نرخاند‌و داوای كرد مامۆستایانی ئایینی لە هەموو وتارێكدا كاریان وشیاركردنەوەی خەڵك بێت لەم بوارەوە‌و، كار بكەن بۆ زیاتر وشیاركردنەوەی خەڵك.

هەروەها سەرۆكی حكومەت هیوای خواست تاكی كورد هەمیشە وشیاری ئەوەی هەبێت بە خۆی هەست بە بەرپرسیارێتی بكات‌و پێویست نەكات بە ترساندنەوە بگۆڕێت.