سەرۆكی زانایان: خەڵكی كوردستان ئەوپەڕی دڵسۆزیان بۆ پێغەمبەر هەیە

ئا: دیندار مەلا خالد باڵەكی:

سەر لە ئێوارەی ڕۆژی 5/6/2013 بە ئامادەبوونی مامۆستا مەلا عەبدوڵا سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان ئاهەنگی ساڵیادی شەوڕۆیی لە مزگەوتی سەواف بەڕێوەچوو، كە لە لایەن لقی هەلێری یەكێتی زانایان‌و بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێر ڕێكخرا بوو، بە بەشداری چەندین مامۆستای ئاینی هەولێر‌و دەوروبەری‌و بەرپرسانی حوكومی‌و حیزبی‌و زۆرێك لە كەسایەتی‌و پیاو ماقوڵانی شاری هەولێر.

لە مەراسیمەكەدا مامۆستا مەلا عبدالله سەرۆكی یەكێتی زانایان وتەیەكی پێشكەش كرد‌و، لە وتەیەكیدا دەستخۆشی لە لقی هەولێری یەكێتی زانایان‌و بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێر كرد، كە هەموو ساڵێك لەگەڵ هاتنی هەر بۆنەیەكی ئاینی چەندین كار‌وچاڵاكی پیرۆز ئەنجام دەدەن، هەر لەم بارەیەوە دەسخۆشی لە مامۆستایانی ئاینی بەرێز كرد، كە گەرما‌و گەرم لەگەڵ هاتنی هەر بۆنەیەكی ئاینی بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەڵدەستن، بۆنە پیرۆزەكان برەوی زۆری پێدەدەن‌و، خەڵكی كوردستانیش بە گشتی بە جۆش‌و خرۆشەوە ئامادەیی تەواویان لە بۆنەكانی ئاینی هەیە، ئەمانە هەمووی گەواهی ئەوە دەدەن، كە خەڵكی كوردستان ئەوپەڕی دڵسۆزیان هەیە بۆ پێغەمبەری نازدار، بۆیە دەبێت ئەم جۆرە بۆنانە بكەین بە دەرگایەكی كراوە بۆ پەروەردەكردنی منداڵ‌و گەنجەكانمان لەسەر پەیامی پیرۆزی پێغەمبەر.

شایانی باسە لە ئاهەنگەكەدا هەر یەك لە وتاری وەزارەتی ئەوقاف لەلایەن مامۆستا عوسمان موفتی ڕاوێژكاری وەزیری ئەوقاف‌و، وتاری پارێزگای هەولێر لە لایەن نەوزاد هادی خوێنرانەوە، دواتر ئاهەنگەكە بە چەندین شیعر‌و قەسیدە‌و سرودی ئاینی ڕازێندرایەوە.