سەرۆكی كۆمەڵەی رۆشنبیری كوردانی ئوردن: زانایانی ئایینی ئەركێكی گەورەیان لەسەر شانە‌و پێویستە كوردیش لێك نزیك بكەنەوە

 

سایتی زانایان_ ئوردن

رۆژی 11/6/2013 بەشێكی ئەندامانی دەستەی شاندنی مامۆستایانی ئایینی لە عەممانی پایتەختی ئوردن سەردانی كۆمەڵەی رۆشنبیری كوردانی ئوردنیان كرد‌و بە گەرمیەوە لەلایەن‌و سەرۆك‌و دەستەی كۆمەڵەی ناوبراوەوە پێشوازی كران.

 

كۆمەڵەی رۆشنبیری كوردانی ئوردن ماوەی سێ‌ ساڵە لە لایەن سەید عەبدولوەدوود ئەلكوردی دامەزراوە، ئامانجی دروستبوونیشی بۆ كۆكردنەوەی كوردانی نیشتەجێی ئەو وڵاتەیە، كە بە پێی سەرژمێریەكان ژمارەی كوردانی ئوردن (60) هەزاری تێپەڕ كردووە‌و، لەهەمان كاتیش بەشێكی سەرەكی ئەو كۆمەڵە بۆ فێركردن‌و خوێندنی زمانی كوردی لەو وڵاتە كار دەكات، هەروەها پتر لە 25 قوتابی سەرقاڵی خوێندنی زمانی كوردین‌و دەستەكەش پتر لە 20 كەس دەبێ، كە كاری رۆشنبیری ئەنجام دەدەن.

 

لەگفتوگۆیەكدا شاندنی مامۆستایانی ئایینی سوپاسی ئەو كۆمەڵەیان كرد، كە بە هەستێكی كوردانە‌و خەمخۆریەوە كار دەكات‌و لەهەوڵی لێك نزیك كردنەوەی كوردانی ئەو وڵاتەیە.

 

لەلایەن خۆشیەوە سەید عەبدولوەدوود ئەلكوردی وێڕای خۆشحاڵی دەبڕین، رۆڵ‌و پێگەی زانایای كوردستانی بەرز نرخاند‌و بەئەركیشی زانی، كە یەكێتی زانایان لە كوردستان كار بكات بۆ زیاتر لێك نزیك كردنەوەی كوردان‌و رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد.

 

هەروەها گوتیشی: پێویستە مامۆستایانی ئایینی لە كوردستان بەسێ‌ ئاراستە كار بكەن لەوانە:

یەكەم: قوڵكردنەوەی هەستی نەتەوەیی لەلای گەنجانی كورد‌و بە كورد دانانی ئەوانەی لە وڵاتە بیانی‌و عەرەبیەكان دەژین.

 

دووەم: هەستی قەبوڵكردنی جیاوازیەكان زیاتر بایەخ پێ‌ بدەن‌و رێگری لە تەنگەژە‌و تەفرەقە بكەن، چونكە كوردستان چۆتە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتووەوە، نمونەشی بەوە هێنایەوە كە لە كوردستان خزمەتەكان بە زوویی ئەنجام دەدرێن لەبەر ئەوەی ئیمكانیەت هەیە‌و حكومەتیش بڕیار بەدەستە، كەچی لە وڵاتێكی وەك ئوردن ئەگەر حكومەت بیەوێ‌ پرۆژەیەك بخاتە واری كارەوە دەبێ‌ پرس بە وڵاتان بكات‌و هاوكاریش وەربگرێ‌ ئینجا هەنگاو بنێ‌.

 

سێیەم: هەمووان لەسەر ئەوە كۆكین، كە ئیسلام چارەسەری كێشەكان دەكات، ئەی باشە بۆ زانایانی ئایینی هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی كورد لە چوارچێوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە نادەن؟

 

لە بەشێكی تری قسەكانی گوتیشی: زانایانی ئایینی لە هەرێمی كوردستان ئەكێكی گەورەو گرانیان لەسەر شانە‌و پێویستە كار بۆ ئایندەی كوردستان‌و لێك نزیك كردنەوەی كوردان بدەن.

 

دكتۆر سەید عەبدولوەدوود ئەلكوردی سەرۆكی كۆمەڵەی ناوبراوە‌و لەهەمان كاتیش خاوەنی (مەككە مۆڵ)ە، كە بەگەورەترین بازاڕی پایتەختی ئوردن دێت.

 

شایانی باسە هەر یەك لە مامۆستا محمد عەلی جەعفەر مامۆستای زمانی كوردی‌و ئەندانی كۆمەڵەی رۆشنبیری‌و رزوان بابەكرو ئازاد موعازو هەڵگۆرد جەمال هاوكارانی كۆمەڵە ئامادەی دانیشتنەكە بوون.