شاندێكی یەكێتی زانایان سەردانی كەناڵی ئاسمانی (NRT2) دەكات

ڕاگەیاندنی لق/ مەلا محمد كەڵكەسماقی

ڕۆژی دوو شەممە بەرواری 17/6/2013 بە نزیكبونەوەمان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز شاندێكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لە سلێمانی كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان مامۆستا نجم الدین وادی و دكتۆر احمد شافعی ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و مامۆستا عەتا پێنجوێنی جێگری لقی سلێمانی و مەلا محمد كەلكەسماقی كارگێڕی لق، كەناڵی ئاسمانی (NRT2) یان بەسەر كردەوە و، لە لایەن بەڕێوبەری هونەری كەناڵەكەوە بەڕێز (كاك دەرون گێژەنە)وە پێشوازی كران.

لە دانیشتنێكدا دوای بەخێرهاتن و دەربڕینی خۆشحاڵی لەلایەن بەڕێزیانەوە بەرامبەر سەردانەكەی شاندی زانایان، سەردانەكەی بەڕێزیانی بەرز نرخاند‌و، لە میانەی دانیشتنەكەدا لەسەر كاری ڕاگەیاندن بە گشتی و بەتایبەتی كەناڵی ناوبراو ئاڵوگۆڕی بیروڕا كراو، هەردوولا ئامادەیی هەماهەنگیان دەربڕی لە بەرامبەر یەكتریدا.

هەر لەو دانیشتنەدا شاندی زانایان ئاماژەیان كرد بە زنجیرە درامای دۆبلاژكراوە ئیسلامییەكان بەتایبەتی كە لە مانگی رەمەزانی پیرۆز پەخش دەكرێن، لەو بارەیەوە هەردوولا بیروڕایان گۆڕیەوە‌و قسەیان لەسەر هەردوو لایەنی (پۆزەتیڤ و نەگەتیڤ)ی دراماكان‌و گونجاندنیان لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان كردو، بڕیاریان دا بۆ خزمەتی ئەمڕۆی هەرێمی كۆردستان هەماهەنگی بكەن.