لە هەولێر كۆنفرانسێك لەسەر هۆكارەكانی دابڕانی كچان لە خوێندن ساز دەكرێت

ئەمڕۆ سێشەممە بەرواری 18/6/2013 لە هوتێلی (چوار چرا) لە شاری هەولێر، كۆنفرانسێك بەڕێوەچوو لە ژێر ناونیشانی (هۆكارەكانی دابڕانی قوتابیانی كچ لە خوێندنگاكاندا)، كە رێكخراوی تواناسازی ئافرەتان هەڵسا بوو بە رێكخستنی، لەو كۆنفرانسەدا باس لە هۆكاری دابڕانی كچان كرا لەخوێندن‌و تیشكیش خراپە سەر چارەسەرەكان.

شایانی باسە شاندێكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بەشداری كۆنفراسنەكەی كردوو، لە میانەیدا مەلا دڵشاد گەلاڵی لە بەشی پەیوەندییەكانی زانایان وتاری بەڕێز مامۆستا عبدالله سەرۆكی یەكێتی زانایانی خوێندەوەو، ئاماژەی كرد بەوەی: پێویستە تاكێكی تەندروست و باش بۆ داهاتووی وڵاتەكەمان پەروەردە بكەین‌و ئیش لە سەر كۆمەڵگاكەمان بكەین بۆ گۆڕینی عەقڵی كۆمەڵگا بەرەو پێشبردنی زانست‌و زانیاری، هەروەها روونی كردەوە، كە ئایینی پیرۆزی ئیسلام هیچ كاتێ رێگر نەبووە لە خوێندنی كچان، بە پێچەوانەوە هانیان دەدات بۆ خوێندن‌و، لەمەشدا جیاوازی لە نێوان كوڕان‌و كچان ناكات. هەروەها بەڕێزیان ئاماژەی كرد بە: كەم بوونەوەی رێژەی نەخوێندەواری لە سالانی پێش نەوەدەكانەوە تاكو ئێستا. شایەنی باسە ئەم كۆنفڕانسە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت‌و، هەر یەك لەم بەڕێزانە نوێنەرایەتی یەكێتی زانایان دەكرد (مامۆستا دڵشاد گەلاڵی، مامۆستا دیندار باڵەكی، مامۆستا هندرێن بالیسانی).