وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف چۆنیه‌تی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ حاجیانی‌ ئه‌مساڵ ئاشكرا ده‌كات

به‌شێویه‌كی‌ ره‌سمی‌ بڕیاره‌ی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ حاجیانی‌  هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ سعودیه‌ گه‌یشته‌ ده‌ست وه‌زاره‌تی‌ ئه‌و قاف و كاروبای‌ ئایینی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تی‌ ناوبراو رێوشێونی‌ كه‌مردنه‌وه‌ی‌  رێژه‌ی‌ حاجیان بۆ ئه‌و وڵاته‌  ده‌گرێته‌به‌ر.

 

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌مرۆ (19ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2013) كامیل حاجی‌ عه‌لی‌،  وه‌زیری‌  ئه‌و قاف و كاروباری‌ ئایینی‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نوسیدا له‌ شاری‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند: ماوه‌یه‌كه‌ ده‌نگۆی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ حاجیانی‌ ئه‌مساڵ له‌ ئارادایه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رۆژی‌ 17/6 به‌ شێوه‌یه‌كی‌  ره‌سمی‌ داوایه‌كی‌ له‌و جۆره‌یان به‌ده‌ست گه‌یشت  و ئێستا سه‌رقاڵی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌  شێوازێكی‌ گونجاون بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ كه‌  پێویسته‌ 930 حاجی‌ كه‌مبكه‌نه‌وه‌.

 

كامیل حاجی‌ عه‌لی‌  وتیشی‌: "یه‌كێك له‌و رێگایانه‌  داوامان له‌و كه‌سانه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌مساڵ سه‌رفه‌ری‌ حه‌ج ده‌كه‌ن، به‌ڵام خۆیان به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاره‌زوو مه‌ندانه‌ نایه‌نه‌وێت ئه‌مساڵ سه‌فه‌ر بكه‌ن، ده‌توانن سه‌ردانی‌  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی‌ حه‌ج و عومه‌ره‌ بكه‌ن له‌ پارێزگاكان و ناوی‌ خۆیان بسڕنه‌وه‌، به‌ڵام بۆ ساڵێكی‌ تر به‌بێ تیرپشك مافی‌ سه‌فه‌ری‌ حه‌جیان پێده‌درێت".

 

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌نوسیه‌دا  قاسم ره‌سوڵ، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ حه‌ج و عومه‌ره‌ی‌ هه‌رێم رایگه‌یاند: بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ی رێژه‌ی‌ حاجیانی‌ هه‌رێم  كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر كه‌س نه‌بێت، چه‌ند رێوشێنی‌ تریان داناوه‌،  له‌وانه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ سه‌دا 20 كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان و زیندانیانی‌ سیاسی و مورشیده‌ ئایینیه‌كان، هه‌روه‌ها  بڕیاربوو  517 كه‌س له‌جیاتی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ بڕیاربوو سه‌فه‌ری‌ حه‌ج بكه‌ن به‌ڵام  كۆچی‌ دواییان كردووه‌ رابگیرێت.

 

بڕیاربوو ئه‌مساڵ له‌ هه‌رێمی‌ له‌ چوار هه‌زار و 650  كه‌س سه‌فه‌ری‌ حه‌ج بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ به‌شێكی‌ شاری‌ مه‌ككه‌، به‌رپرسانی‌ ئه‌و وڵاته‌ داوایان له‌ وڵاتانی‌ ئیسلامی‌ كردووه‌ رێژه‌ی‌ هاتنی‌ حاجیایان كه‌مبكه‌نه‌وه‌.

 

ساڵانه‌ خه‌ڵكی‌ موسڵمان له‌ دوای‌ جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زان و نزیك جه‌ژنی‌ قوربان به‌مه‌به‌ستی‌ به‌جێگه‌یاندنی‌ فه‌ریزه‌ی‌ حه‌ج سه‌ردانی‌ وڵاتی‌ سعودیه‌ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌مساڵیش رێوره‌سمه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ مانگی‌ 10 تشرینی‌ یه‌كه‌م.

 

خه‌ندان