یەكێتی زانایان داوا لە وتاربێژان دەكات كار لەسەر برایەتی بكەن

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان داوا لە وتاربێژانی مزگەوتەكانی كوردستان دەكات، لەم رۆژانەی داهاتوو، بەتایبەتی وتاری رۆژی هەینی داهاتوو، زیاتر تەئكید لەسەر پاراستنی برایەتی‌و تەبایی‌و خۆشەویستی بكەن‌و، رێنمایی هاووڵاتیان بكەن، بۆ ئەوەی ئەم ململانێ‌ سیاسیەی ئەمڕۆ لە كوردستان هەیە كاریگەری بەسەر رۆحی برایەتی‌و خۆشەویستی‌و تەبایی نێوانیان نەبێت، چونكە لایەنە سیاسیەكان چۆن كاری خۆیان بكەن‌و، بیانەوێت باڵانسی سیاسی خۆیان بەرز بكەنەوە، ئەوە هەر لایەنە‌و كاری خۆیەتی، بەڵام ئێمەی هاووڵاتیانی كوردستان دەبێ‌ وریا بین، ئەم جۆرە ململانێیە كاریگەری بەسەر تاكی كوردەوە نەبێت‌و، بەرەو ئاقاری رقلێكبوونەوە‌و یەكترنەخوێندنەوە‌و دابەشبوونمان نەبات، چونكە خاڵی هاوبەشی نێوانمان زۆر لەوە گەورەترن لەسەر ململانێیەكی سیاسی، ئاریشە لە ناو بێتە ئاراوە، هاووڵاتیانی كوردستان هەرچەندە ململانێی سیاسی هەبێت، بەڵام لە كۆتاییدا هەموومان (مرۆڤین، كوردین، موسڵمانین)، هەموومان لە یەكێك لەم خاڵە هاوبەشانە یەكتری دەگرینەوە، بۆیە پاراستنی گیانی برایەتی‌و بەهێزكردنی رۆحی خۆشەویستی‌و پێكەوەژیان‌و یەكترقبوڵكردن دەبێ‌ لە سەرووی هەر ململانێیەكەوە بێت.

هەر لێرەشەوە داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكەین، لێدوان‌و كار‌و چالاكیەكانیان بەرەو گیانی یەكترخوێندنەوە‌و رێزلێكگرتن‌و پێكەوەژیان ببەن‌و، هەوڵبدەن ململانێكان بەرەو كوێرەرێگا‌و یەكتر شكاندنەوە نەبەن، چونكە حاڵەتی لێكخوێندنی ناتەندروست كۆمەڵگەیەكی ناتەبا‌و ناتەندروست بەرهەم دەهێنێت.