سەرۆكی زانایان: ئەزموونی فیدڕاڵیەت باشترین رێگەچارەی عێراقیەكانە

رۆژانی (29 و 30/6/2013) لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان مەجمەعی فیقهی عێراقی گەورە زانایان هەڵستا بە سازدانی یەكەمین كۆنگرەی زانستی تایبەتبەت بە سیستەمی هەرێمایەتی بۆ عێراق بەستی، لە كۆنگرەكەدا زیاتر لە چل توێژینەوەی زانستی پێشكەش دەكرێت‌و، را‌و سەرنجی توێژەران تاوتوێ دەكرێت دەربارەی دروستی‌و نادروستی سیستەمی فیدراڵیەت‌و هەرێمایەتی لە عێراقدا، كە دواتر وەكو پڕۆژەیەك‌و رای شەرعی بڵاودەكرێتەوە‌و، گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانیش لە ناوچە سووننە نیشیەكان چاوەڕوانی ئەنجامی ئەم كۆنگرەیەوە دەكەن.

 

لە مەراسیمی كردنەوەی كۆنگرەكە، هەر یەك لە ئەحمەد حەسەن تاها كەسی یەكەمی مەجمەعەكە‌و، مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان وتاریان خوێندەوە.

 

سەرۆكی زانایان لە وتەكەیدا بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد بۆ شاری هەولێر‌و بە ناوی زانایانی ئایینی كوردستانەوە بەخێرهێنانی كردن، هەروەها ئومێدەوار بوو مەجمەعی فیقهی عێراقی لە ئاست خواستی تەواوی سووننەكانی عێراق بێت بە كورد‌و عەرەب‌و تروكمانەوە.

 

لە بەشێكی دیكەیدا تیشكی خستە سەر مەسەلەی فیدرالیەت‌و سیستەمی هەرێمایەتی، ئەو بە روونی باسی لەوە كرد، كە فیدرالیەت وەلاوەنانی سیستەمی تاكڕەوی‌و دیكتاتۆریەتە‌و، دەبێتە هۆكارێك بۆ بوژاندنەوەی وڵات‌و خزمەتی زیاتر بە هاووڵاتیان، ئەزموونی هەرێمی كوردستانیشی بە نموونە هێنایەوە، بۆیە پێی وابوو ئەمە چاكترین رێگەیە بۆ رزگاربوونی عێراق بەتایبەتی تائیفەی سووننە بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە ئەمنی‌و ناخۆشیانەی تێكەوتوونە.

 

شایانی باسە زۆرینەی توێژەرەكانی ناو كۆنگرەكە پشتیوانی سیستەمی فیدراڵی‌و هەرێمایەتیان دەكرد‌و، پێیان وابوو ئەمەش لە روانگەی شەرعەوە بنەمای دروست‌و رەسەنی هەیە.