مه‌لا عه‌بدوڵڵا شێركاوه‌یی_ ئوردن له‌میانی گه‌شتی ژماره‌یه‌ك مامۆستای ئایینی بۆ به‌ژداری له خولی زانشتی سه‌نته‌ری ئیمامی شافعی له عه‌ممانی پایته‌خی ئوردن، چاویان كه‌وت به چه‌ند كه‌سایه‌تی زانستی‌و خه‌ڵكی كورد له‌و وڵاته، له ئێواره‌یه‌كی دره‌نگدا سه‌ردانی به‌رێز دكتۆر ئیسماعیل یاسین كوردیمان كرد، كه ئه‌و مامۆستای كۆلێژی شه‌ریعه‌ی زانكۆی دیمه‌شق‌و پشپۆڕی بواری شه‌ریعه بوو، به‌ڵام ماوه‌ی دووساڵه هاتۆته ئوردن، له‌وێ دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ زۆرێك له كوردانی نیشته‌جێی ئه‌و وڵاته دروست كردووه‌و، حه‌زی له په‌یوه‌ندی كوردانه ده‌كردو به‌هیواش بوو رۆژێك بێت كوردانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان لێك نزیك ببنه‌وه. له‌و دانیشتنه مامۆستا محمد ئه‌رسۆ مامۆستای زانكۆی شه‌رناخ‌و دكتۆر عه‌بدولجه‌لیل ئه‌لبه‌كری لێكۆڵه‌ری بواری ئایینی له وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی ئوردنی به‌ژدار بوون‌و، زۆریش دڵخۆش بوو به دیده‌نی شاندی مامۆستایانی ئایینی هه‌رێمی كوردستان. له‌و دیداره‌دا كۆمه‌ڵێك پرس‌و ته‌وه‌ر قسه‌و باسی له‌باره‌وه كرا، تێڕوانینه‌كانی ئه‌و به‌ڕێزه بوونه جێی سه‌ره‌نج‌و رامانی ئێمه، له‌به‌ر ئه‌وه پێم باش بوو پوخته‌ی قسه‌كانی له‌و نوسینه بخه‌مه روو: له‌باره‌ی پرسی كورد‌و ئایینی ئیسلامه‌وه گوتی: گه‌لی كورد راسته گه‌لێكی موسڵمانه‌و به رێژه‌یه‌كی باش پابه‌نده به بنه‌ما‌و فه‌رهه‌نگی ئیسلامه‌وه، به‌ڵام بۆ كورد بوونی خۆی وه‌ك پێویست نه‌یتوانیوه سوود له ئیسلام وه‌ربگرێ، ده‌بوا ئیسلام هۆیه‌كی سه‌ره‌كی بووایه له‌ناو قه‌زیه‌ی كوردی بۆ به‌رجه‌سته بوونی مافه‌كان‌و دیار كردنی مافی چاره‌نووس‌و پرۆژه‌ی دروست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی، چونكه ئیسلام مافی نه‌ته‌وه‌كانی داوه‌و رێگریشی له‌هه‌ر هه‌نگاوێك كردووه، كه چه‌وسانه‌وه‌ی گه‌لانی تێدا بێت. كورد وه‌ك پێویست نه‌یتوانیوه سوود له ئیسلام وه‌ربگرێ سه‌یركه عه‌ره‌ب‌و تورك‌و فارس سوودی زۆریان له ئیسلام وه‌رگرتووه، به‌وه‌ی قوربانیان به ئیسلام داوه له پێناو نه‌ته‌وه‌یی بوونی خۆیان‌و بگره له‌هه‌ندێ حاڵه‌ت‌و كاتدا ئیسلام وه‌ك ئامرازێك بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان به‌كار براوه، راسته ره‌نگه كورد له‌و مه‌سه‌له پاكتر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسلام كردبێت، به‌ڵام خۆ مه‌جالی واشی تێدایه كورد سوودی بۆ كوردبوونی خۆی لێ ببینێ، باشه ئه‌گه‌ر له په‌نای ئیسلام‌و به‌ناوی دینه‌وه زوڵم‌و سته‌م له كورد كرا، ئه‌ی بۆ كورد نه‌یتوانی ئیسلام وه‌ك كاریگه‌رترین چه‌ك به‌كار بێنێ بۆ كپ كردنی به‌رامبه‌رو جولاندنی هه‌ستی وڵاتانی ئیسلامیه‌وه؟! له‌باره‌ی كێشه‌ی ئێستا‌و مه‌سه‌له‌ی دیموكراسی له‌ناو بازنه‌ی گۆره‌پانی سیاسی‌و هه‌رێمایه‌تی به‌رێزیان گوتی: من وا هه‌ست ده‌كه‌م له‌مێژه كورد قوربانی دوو ره‌هه‌ندی گه‌وره‌ی خۆیه‌تی، یه‌كه‌میان قوربانی به‌شێكی مێژووی خۆیه‌تی كه پڕ له نه‌هامه‌تی‌و سته‌می ده‌وروبه‌ر، دووه‌میان قوربانی جوغرافیای سنوور‌و نه‌خشه‌ی خۆیه‌تی، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ هه‌ردوو ره‌هه‌نده‌كه تێكه‌ڵ بكه‌ین، ئه‌وه ده‌بێ ئه‌وه بڵێین، كه كورد به درێژای مێژووی خۆی كێشه‌ی جوغرافیاشی هه‌بووه، ده‌ستی ده‌ره‌كی هه‌میشه وای كردووه كورد به سنوور سه‌رقاڵ بكات، به‌وه‌ش سوودیان بۆ خۆیان لێ بینیوه. بۆیه كورد له‌و واقعه‌ی خۆیدا دوو چاره‌سه‌ری له پێشه، یه‌كه‌میان: داواكردن‌و به‌رجه‌سته‌كردن‌و به‌واقع كردنی چه‌مكی دیموكراسیه له وڵات‌دا، كه به‌مه هه‌نگاوێكی باش له قۆناغی سیاسی خۆی ده‌بڕێ، راسته ئێستا دیموكراسی هه‌یه به‌ڵام رێژه‌ی ئه‌و دیموكراسیه له ئاست پێویست‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان نیه. مادام كورد پابه‌نده به ئیسلام، ده‌بێ سوودیشی بۆ ره‌هه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی لێ وه‌ربگرێ دووه‌میان: گێڕانه‌وه‌و ئه‌كتیڤ كردنی رۆڵی ئیسلام به شێوه‌یه‌كی فراوانتر‌و به به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ردوو ره‌هه‌ندی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی، چونكه ئه‌بێ كورد ئه‌وه بزانێ هه‌رچوار ده‌وری وڵاتی ئیسلامین، مومكین نابێ دوور له ته‌ده‌خولی ئیسلام هه‌نگاو بنێ، ئێستا توركیا‌و ئیران‌و ته‌نانه‌ت سوریا‌و عیراقیش به شێوه‌یه‌كی دیار ره‌هه‌ندی ئیسلامی خۆیان پێشان ده‌ده‌ن، ئه‌ی ئه‌گه‌ر كورد بوونی خۆی وه‌ك ده‌وڵه‌ت له‌و چوارچێوه‌یه پیشان بدا‌و ره‌هه‌ندی ئیسلامی پشت گوێ بخا، چما ئاوڕی لێ ده‌ده‌نه‌وه‌و حیسابی بۆ ده‌كه‌ن، بۆیه مادام كورد پابه‌نده به ئیسلام، ده‌بێ سوودیشی بۆ ره‌هه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی لێ وه‌ربگرێ، ئه‌وه‌ش به دووباره گێڕانه‌وه‌ی رۆڵی ئیسلام بۆ ناو قه‌زیه‌ی كوردی ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ. ئه‌و گوتیشی: كێشه‌ی كورد ته‌نها سیاسی نیه به‌ڵكو ئایینیشه، چونكه تا ئێستا زۆرێك له وڵاتی ئیسلامی له ده‌لاقه‌ی ئیسلامیی بوونی میلله‌تی كورده‌وه مافی كوردبوون‌و ده‌وڵه‌تی كوردی به ره‌وا بۆ كورد نابینن، مه‌گه‌ر سه‌دان زولم له كورد نه‌كرا به‌ناوی دینه‌وه؟ سه‌دان زیان له كورد نه‌درا له‌سه‌ر دینه‌وه؟ ئه‌و هه‌موو شوێنه ئایینیانه‌ی تێك دران! مه‌گه‌ر موسڵمان نه‌بوو؟ با، به‌ڵام له‌هه‌ردوو لایه‌نی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی شه‌ڕی له‌گه‌ڵ كرا، ده‌بێ كورد بزانێ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی په‌یوه‌سته به‌هه‌ردوو لایه‌نی نه‌ته‌وه‌یی بوون‌و ئیسلام بوونیه‌وه. خه‌ڵكانێك هه‌ن نازانن كورد چیه‌و چ جۆره سیاسه‌ت‌و ئایه‌نێك په‌یڕه‌و ده‌كات له‌باره‌ی پێشكه‌وتنی رۆشنبیری‌و هۆشیاری فكری‌و راگه‌یاندنه‌وه دكتۆر ئیسماعیل ئه‌لكوردی گوتی: قۆناغی ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه له رووی مه‌عریفی‌و هۆشیاری‌و گه‌شه‌پێدانی مرۆیی له‌و په‌ڕی به‌رفراوانی‌و گه‌شه كردن دابێ، چونكه ره‌هه‌ندی ئابووری به‌هێزه له كوردستان‌و ده‌كرێ بایه‌خی زۆر له‌وه‌ی ئێستا زیاتر پێ بدرێ، كورد پێویستی به راگه‌یاندێكی فراوانتر‌و بابه‌تیانه‌تر هه‌یه، چونكه كورد ته‌نها له كوردستان دانانیشێ، به‌ڵكو له‌هه‌موو دونیا بوونی هه‌یه، ئێستا لێره كه زیاتر له 60 هه‌زار كورد نیشته‌جێیه، كه‌چی ئه‌و راگه‌یاندنه‌یكوردی دوور‌و نزیك كار له سه‌ر خاڵێكی هاوبه‌ش ناكات، كه كوردی ئێره سوودی لێ وه‌ربگرێ یان موتابه‌عه‌ی بكات، هێشتا زۆریشی ماوه ره‌هه‌ندی كوردی به دونیا بناسرێ، هه‌ر لێره ئێستا بڕۆ له خه‌ڵكانێك بپرسه كه ره‌نگه له‌رووی پیشه‌وه پێگه‌شیان هه‌بێ نازانن كورد چیه‌و چ جۆره سیاسه‌ت‌و ئایه‌نێك په‌یڕه‌و ده‌كات. كورد وه‌كو باقی نه‌ته‌وه‌كان خاوه‌نی مێژووی خۆیه‌تی، چه‌ندان سه‌ركرده‌ی كاریزمی‌و جێده‌ست دیاری هه‌بووه، به‌ڵام كار وه‌ك پێویست نه‌كراوه تا له رێی ئه‌و مێژووه‌و ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌وه كورد به جیهان بناسرێ، بۆ نمونه كورد خاوه‌نی مێژوو‌و كه‌سایه‌تی وه‌ك مه‌لا مسته‌فای بارزانی‌و سه‌لاحه‌ددینی ئه‌ییوبیه، كه به پاڵه‌وانی كورد هه‌ژمار ده‌كرێن، كه‌چی تا ئێستا كورد نه‌یتوانیوه ژیانی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه بكاته تێكست‌و بیانداته ئه‌كته‌رێكی جیهانی تا فلمێكی مێژوویی له سه‌ر كورد‌و كه‌سایه‌تیه‌كانی پێشكه‌ش بكات‌و به‌چه‌ندین زمان بڵاویان بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له رێی هونه‌رو فلمه‌وه كورد به دونیا بناسێنێ، كه‌چی له‌وه زیره‌كه فلمی بیانی بكاته كوردی‌و بڵاویان بكاته‌وه. ده‌بێ زانایانی كورد پرۆژه‌ی فكری‌و مه‌عریفی‌و رۆشنبیری له چوارچێوه‌ی هه‌ردوو ره‌هه‌ندی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی پێشكه‌ش بكه‌ن له‌درێژه‌ی قسه‌كانی‌و سه‌باره‌ت به زانایانی ئایینی‌و ئه‌ركی هه‌نووكه‌یی‌و مێژوویان ئه‌و دكتۆره‌ی شه‌ریعه گوتی: كه‌م‌و كوڕی زۆر له به‌ستنه‌وه‌ی ئیسلام به ژیان‌و تێكه‌ڵ كردنی هه‌ستی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، زانایانی كورد ئه‌ركێكی قوڕس‌و زۆر‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌یان له‌سه‌ر شانه، پێویسته ده‌قی ئیسلام به واقع ببستنه‌وه‌و زیاتر كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ن پرۆژه‌ی فكری‌و مه‌عریفی‌و رۆشنبیری له چوارچێوه‌ی هه‌ردوو ره‌هه‌ندی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی پێشكه‌ش بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌ڕی رێزی زۆرم بۆ تێكڕای زانایان، به‌ڵام كاری ئه‌وان له‌رووی ره‌هه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی هێشتا وه‌ك پێویست نیه، ره‌نگه له‌سیاسه‌ت خاڵێكی هاوبه‌ش نه‌بێ، بتوانێ تێكڕای كوردانی ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه له ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه، به‌ڵام ئایین موڵكێكی گشتیه‌و وا چاوه‌ڕێین زانایانی كورد بتوانن له رێی پرۆژه‌یه‌كی گشتگیر‌و به باكگراوه‌ندی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه تێكڕای كوردان له‌یه‌ك نزیك بكه‌نه‌وه. ئه‌و گوتیشی: پێویسته زانایان ده‌سته‌وسان نه‌وه‌ستن به‌ڵكو له جۆله‌و چالاكی به‌رده‌وام بن، به‌ڵام به‌چاوساغی‌و له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی دروست‌و زانستیه‌وه، له‌لایه‌كی تر پێویسته زانایانی كورد ئه‌و راستیه بزانن، كه گه‌نجی ئێستا گه‌نجێكی كراوه‌و شاره‌زاو تێكه‌ڵه له‌گه‌ڵ ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م، بۆیه ده‌بێ په‌یامه‌كه ڕوو له گه‌نجان بێت، كێشه‌یان چیه؟ داخوازی چی ده‌كات؟ چۆن تێنوێتی ده‌شكێ؟ ئاریشه‌كان چین‌و چاره‌سه‌ریان له كوێدایه؟ گه‌نجی ئێستا جیاوازه له‌چاو گه‌نجی دوێنێ، بۆیه ده‌بێ زانایان له‌سه‌ر خه‌ت بن، تا گه‌نج به ئاقارێكی نادروست نه‌ڕوا، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاقاره خراپه سه‌ری هه‌ڵدا بۆ ئاینده‌ش كێشه‌ی زۆر به‌دوای خۆیه‌وه دێنێت. چاوه‌ڕێین زانایانی كورد بتوانن له رێی پرۆژه‌یه‌كی گشتگیر‌و به باكگراوه‌ندی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه تێكڕای كوردان له‌یه‌ك نزیك بكه‌نه‌وه پێویسته هۆشیاری فكری‌و كار كردن له‌سه‌ری ببێته لایه‌نێكی دیاری ناو كار‌و به‌رنامه‌ی زانایان، بۆ ئه‌وه‌ی له رێی ئه‌و هۆشیاری‌و ره‌هه‌نده‌وه كار له سه‌ر رۆشنفكری‌و بواری مه‌عریفه‌ی ئایینی بكرێ، هه‌ر وه‌ك پێویسته هه‌ردوو لایه‌نی پێشكه‌وتن‌و زانست ببه‌سترێته‌وه به ئایینه‌وه، چونكه زانست‌و پێشكه‌وتن بێ ئایین هیچ كاریگه‌ریه‌كی نابێت. |