یەكێتی زانایان داوا لە وەزارەتی ئەوقاف دەكات فەرمانبەری كارگێڕی‌و ئیمامی مزگەوتەكان لێك جیابكرێنەوە

بەهۆی ئەوەی فەرمانبەرەكان لە تەمەنی (63) ساڵی خانەنشین دەكرێن‌و، وتارخوێنان لە تەمەنی (70) ساڵی، ماوەیەكە كۆمەڵە فەرمانبەرێك بەتایبەتی لە دائیرەكانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف ناونیشیانی خۆیان بۆ ئیمام یان ئیمام‌و خەتیب دەگۆڕن، لە كاتێكدا هەر كاری كارگێڕی دەكەن‌و بە كاری پێشنوێژی هیچ مزگەوتێك هەڵناستن، بۆیە یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە نووسراوێكی داوای لە وەزارەتی ئەوقاف كردووە سنوورێك بۆ ئەم كارانە دابنێت، ئەویش بەوەی رێگە نەدرێت ئەم یاسایە بۆ كاری ناشیاو بەكار بهێندرێت، بەڵكو ئەوانەی دەیانەوێت ناونیشانیان بگۆڕن، ئەگەر شیاوی ئیمام‌و وتارخوێندن، ئەوە بۆیان بكرێت، بەڵام ئەوانیش بچنە سەر كارەكە‌و لە مزگەوت پێشنوێژی یان وتارخوێنی بكەن، نەك ناونشیانیان بگۆڕن‌و هەر كاری كارگێڕیش بكەن، نووسراوەكە ئەم دوو خاڵەی لە خۆ گرتووە:

یەكەم: چیتر رێگا نەدەن كە فەرمانبەرانی كارگێڕی ناونیشانەكانیان بگۆڕن بۆ (پێشنوێژ‌و وتارخوێن)، بەڵكو تەنها كەسانی شایستە ببن بە هەڵگری ئەم ناونیشانە.

دووەم: ئەو فەرمانبەرە كارگێڕیانەی كە ناونیشانەكانیان گۆڕیوە بۆ پێشنوێژ‌و وتارخوێن، پێویستە بچن لە مزگەوتەكان خزمەت بكەن‌و، چ جۆرە ناونیشانێكیان هەیە بە پێی ناونیشانەكانیان ئەركەكانیان ئەنجام بدەن‌و، ئەو كات سوودمەند بن لە ماف‌و ئیمتیازەكان.