یه‌كێتی زانایان: كه‌س مافی حه‌لالّكردنی خوێن‌و ماڵی كوردی نییه‌

 

به‌ناوی خوای گه‌وره‌‌و میهره‌بان

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌ كوردستانی رۆژئاوا دروست بوونه‌، هه‌واڵ‌و ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ره‌ی نوسره‌ (جبهه‌ النّصره‌) له‌ سوریا فه‌توای حه‌ڵاڵكردنی خوێن‌و ماڵی كوردیان داوه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ ئاڵۆزكردنی ره‌وشی سوریا به‌ گشتی‌و كوردستانی سوریا به‌تایبه‌تی.

ئێمه‌ به‌ تووندی دژی ئه‌م جۆره‌ فه‌توایانه‌ ده‌وه‌ستینه‌وه‌، - ئه‌گه‌ر راست بێت – نانه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین فیتنه‌ی ئایینی‌و ئاشووب‌و هه‌وڵێكه‌ بۆ رشتنی خوێنی مرۆڤه‌كان به‌ گشتی‌و گه‌لی كورد به‌تایبه‌تی‌و تێكدانی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان پێكهاته‌كانی ئه‌م وڵاته‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ر له‌وه‌ی زیان به‌ كورد بگه‌یه‌نێت، گه‌وره‌ترین زیان به‌ ئاینی پیرۆزی ئسیلام ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه‌ ئیسلام ده‌كه‌نه‌ ئامرازێكی كوشتنی گه‌لی كوردی موسڵمان‌و نانه‌وه‌ی فیتنه‌، هه‌روه‌ك پێچه‌وانه‌ی ده‌قه‌كانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیشه‌، كه‌ خوێنی مرۆڤه‌كان حه‌رام ده‌كات، به‌تایبه‌تی رشتنی خوێنی موسڵمانان به‌ ده‌ستی خۆیانه‌وه‌، كه‌ چه‌نده‌ها ده‌قی پیرۆزی ئیسلامیمان هه‌یه‌ رێگه‌ له‌م كارانه‌ ده‌گرێت، وه‌ك خوای گه‌وره‌ چوار سزای داناون بۆ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕدارێك به‌ ئه‌نقه‌ست ده‌كوژن، كه‌ پاداشته‌كه‌ی دۆزه‌خه‌‌و، یه‌كجاری تێیدا ده‌بێت‌و، ده‌كه‌وێته‌ به‌ر غه‌زه‌ب‌و تووره‌یی خوای مه‌زن‌و، سزایه‌كی گه‌وره‌شی بۆ ئاماده‌ كراوه‌، ئه‌مانه‌ش به‌ڵگه‌ی حه‌رامی‌و خراپی كوشتنن، وه‌ك ده‌فه‌رموێت: (وَمَنْ يَقْتُلْ مُؤْمِنًا مُتَعَمِّدًا فَجَزَاؤُهُ جَهَنَّمُ خَالِدًا فِيهَا وَغَضِبَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَلَعَنَهُ وَأَعَدَّ لَهُ عَذَابًا عَظِيمًا)، هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر درودی خوای له‌سه‌ر بێت چه‌ندان فه‌رمووده‌ی هه‌یه‌ جه‌غت له‌سه‌ر هه‌مان شت ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌ك ده‌فه‌رمووێت: (كُلُّ الْمُسْلِمِ عَلَى الْمُسْلِمِ حَرَامٌ دَمُهُ وَمَالُهُ وَعِرْضُهُ) رواه‌ مسلم، واته‌: خوێن‌و ماڵ‌و نامووسی موسڵمان له‌سه‌ر موسڵمان حه‌رام‌و قه‌ده‌غه‌یه‌.

بۆیه‌ ئه‌م جۆره‌ فه‌توایانه‌ پشت به‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی شه‌رعی نابه‌ستێت‌و، ده‌ره‌نجامیش ته‌نها شه‌رمه‌زاری‌و بێهیواییان بۆ ده‌هێڵیته‌وه‌‌و، پێویسته‌ هه‌موو تاكێكی هه‌ر تائیفه‌‌و نه‌ته‌وه‌یه‌كیش به‌ ئه‌ركی خۆی بزانێت رێگیری له‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌ بكات، كه‌ ئه‌نجامده‌رانیان فتوای به‌ ناهه‌ق ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ك ته‌نها مایه‌پووچیان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌، له‌ مێژووی كوردیشدا زۆر جار له‌لایه‌ن دوژمنانییه‌وه‌ هه‌وڵدراوه‌ به‌ كافركردن‌و خوێن حه‌ڵاڵكردن‌و ماڵ تاڵانكردن‌و هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ تۆمه‌تبار بكرێن‌و شه‌ری به‌ ناهه‌قیان پێ بفرۆشرێت، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن رژێمه‌ دیكتاتۆره‌كانی عێراقه‌وه‌، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ته‌نها شه‌رمه‌زاریان بۆ ماوته‌وه‌، مه‌گه‌ر كه‌سێكی له‌ خوانه‌ترسی بێ زانیاری، ئه‌گینا هیچ زانایه‌كی ئیسلامی له‌ مێژوودا رێگه‌ی ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ی به‌ خۆی نه‌داوه‌.بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م جۆره‌ فه‌توایانه‌ به‌خۆیان دابچنه‌وه‌‌و داوای لێبووردن له‌ خوای گه‌وره‌‌و پاشان گه‌لی كورد بكه‌ن، كه‌ ویستوویانه‌ خوێنی به‌ ناهه‌ق حه‌ڵاڵ بكه‌ن‌و سیمای ئیسلامی پێ ناشیرین بكه‌ن.

 

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

25/7/2013