لە شاری كەركوك رێز لە گەورە زانایانی فەتوا دەنرێ

بە بۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە لە ژێر ناونیشانی (پێشوازیكردن لە مانگی پڕ خێرو پێزانینی چاكەی موسڵمانان) رۆژی چوارشەممە بەرواری 3/7/2013 لقی كەركوكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان هەڵستا بە گێڕانی ئاهەنگێك لە هۆڵی (گەورە زانایان) وەك پێشوازیكردنێك لەو مانگە پیرۆزەو رێزگرتنێكیش لە ژمارەیەك لە گەورە زانایانی پارێزگای كەركوك، بەتایبەتی لەو زانا بەڕێزانەی كە  بۆ ماوەیەكی زۆرە دەورێكی باڵایان هەبووە لە دەركردنی فەتوا بۆ خزمەتكردنی خەڵكی شارەكە، ئەوانیش بریتی بوون لە: مامۆستا حەمید غەفور بەرپرسی لیژنەی فەتوای شارەكەو، مامۆستا جەلال ئەحمەد بەرزنجی‌و، مامۆستا حسێن تاهیر یەحیا.

 

سەرەتای ئاهەنگەكە بە چەند ئایەتێك لە قوڕئانی پیرۆز دەستی پێكرد، پاشان مامۆستا ئازاد خورشید فەقێ بەرپرسی لقی كەركوكی یەكێتی زانایان وتەیەكی پێشكەش بە ئامادەبوان كرد، دواتر وتەی مامۆستا محمد فاتح تالەبانی جێگری بەرپرسی لق پێشكەش كرا.

 

لە دواییدا هەر سێ مامۆستا بەڕێزەكەی لیژنەی فەتوا چوونە سەر سەكۆی قسەكردن تاكو باس لە كارو چالاكیەكانی خۆیان بكەن لە بواری فەتواو لە بەدەستهێنانی زانست‌و كورتەیەك لە ژیانی خۆیان باس بكەن، لە پاش وتەی مامۆستاكان رێزلێنانی یەكێتی زانایان لەلایەن بەرپرسی لق‌و ئەحمەد جەمیل بەرێوەبەری وەقفی سوننی لە كەركوك‌و مامۆستا سامی زایر نوێنەری قوتابخانە ئاینیەكانی كەركوك بەخشرایە هەر سێ زانا بەڕێزەكە,

 

ئەو ئاهەنگە وەك دەربڕینی سوپاس گوزاریەك بوو لە لایەن رۆڵەكانی شاری كەركوك بۆ ئەو سێ زانا پایەبەرزەی شارەكەیان، چونكە زۆربەی ژیانی خۆیان تەرخان كردوە لە خزمەت كردنی خەڵكی شارەكەیان‌و، بوونەتە هۆكارێكی چاكەكاری‌و چاكە خوازی لە نێوان خەڵك‌و یەكریزی‌و یەكدەنگی موسڵمانان.