ناوچەی خەلیفانی یەكێتی زانایان كۆمەكی بەسەر منداڵانی بێ‌ باوك دابەش دەكات

بە بۆنەی مانگی رەمەزان‌و گەیاندنی خزمەتێك بە منداڵانی بێ‌ دایك‌و باوك، لێژنەی ناوچەی خەلیفانی یەكێتی زانایان هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی هاوكاری دەست پێ‌ كردووە.

 

ئەو هەڵمەتە دوای ئەو هات كە مامۆستایانی ئایینی سنووری ناوچەی خەلیفانی یەكێتی زانایان لە وتاری هەینی بە خەڵكیان راگەیاندووە، كە بەبۆنەی مانگی رەمەزان‌و بە مەبەستی خزمەت گەیاندن بە یەتیمان هەڵدەستن بە كۆكردنەوەی كۆمەكی‌و هاوكاری لە سنوورەكە.

 

بۆ ئەو مەبەستە بڕیار وایە لە كۆتاییەكانی مانگی رەمەزان كۆی هاوكارییەكە بەسەر زیاتر لە 300 منداڵ دابەش بكرێت.

 

لەو بارەوە مامۆستا مەلا كامەران سەلام بەرپرسی ناوچەی خەلیفانی یەكێتی زانایان بۆ سایتی زانایان گوتی: دوای راوێژ لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی بڕیارماندا لەو مانگە هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی كۆمەكی دەست پێ‌ بكەین‌و، لە رێگەی وتاری هەینیەوە خەڵك هۆشیار بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتێك بە منداڵانی یەتیم بگەیەنین، سوپاس بۆ خوا خەڵكێكی باش هاوكاری تەرخان كردووە‌و بریار وایە لە كۆتاییەكانی ئەم مانگە تێكڕای خێرو كۆمەكیەكە بەسەر زیاتر لە 300 منداڵی سنووری خەلیفان بكەین.